له چه‌ند رۆژی رابردوودا شه‌پۆلێکی نوێی سه‌رکوتی رۆژنامه‌نووسان له ئێران ده‌ستی پێکردووه‌و چه‌ندین رۆژنامه‌نووسی نزیک له باڵی میانه‌ڕه‌وی ده‌سه‌ڵات که به جۆرێک ده‌که‌ونه خانه‌ی لایه‌نگرانی رووحانی ده‌سبه‌سه‌ر کراون و چاره‌نووسیان نادیاره. ئه‌و شه‌پۆله دوابه‌دوای قسه‌کانی خامه‌نه‌یی دێ که ئاماژه‌ی به بوونی “عه‌واملی نفووزی” له نێو راگه‌یه‌نه گشتییه‌کان کرد.
به ئاکام گه‌یشتنی وتووێژه‌کانی ئێران و رۆژئاوا له سه‌ر په‌روه‌نده‌ی ئه‌تومی که باڵی ئوسوولگهڕا لانیکه‌م له ڕواڵه‌تدا دژایه‌تی ده‌کرد، له رای گشتیدا وه‌ک سه‌رکه‌وتنی دیپلۆماتیکی ریفۆرمخوازان به ئه‌ژمار دێ که تا راده‌یه‌ک ده‌توانێ فشاره ئابوورییه‌کانی سه‌ر خه‌ڵک که‌م بکاته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆته هۆی لاوازبوونی گوتاری دژه ئه‌مریکایی ئوسوولگه‌راکان و به‌هێزبوونی لایه‌نی به‌رامبه‌ر. نیگه‌رانی له‌و ره‌وته به ڕوونی له خۆپێشاندانه‌کانی دوێنێ که به بۆنه‌ی ساڵرۆژی داگیر کردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا به‌ڕێوه چوو، دیار بوو. جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر دروشمی “مه‌رگ به‌ر ئه‌مریکا” و وه‌سف کردنی ئه‌مریکا به شه‌یتانی گه‌وره له نێو خۆپێشاندانه‌کاندا که به ئاشکرا له لایه‌ن باڵی ئوسوولگهراوه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرا، ئاماژه‌یه‌کی روون بوو بۆ ئه‌و نیگه‌رانییه.
هه‌ر چه‌ند ئه‌و شه‌پۆله له سه‌رکوتی رۆژنامه‌نووسان تازه‌گی نییه و به درێژایی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌بووه‌و بگره زۆر جار به شێوه‌ی به‌ربڵاوتر رووی داوه، به‌ڵام هیندێک جیاوازی شیاوی سه‌رنجدانه له ده‌سبه‌سه‌ر کردنی ئه‌م دواییه‌ی رۆژنامه‌نووساندا، که به کورتی ئاوڕیان لێ ده‌ده‌ینه‌وه:
یه‌که‌م: هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی که له چه‌ند مانگی داهاتوودا به‌ڕێوه ده‌چێ ده‌رفه‌تێکه بۆ زۆرانبازی نێوان باڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ئێران و ده‌کرێ بڵێین له‌و بواره‌وه گرینگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. باڵی ناسراو به ریفۆرمخواز و میانه‌ڕه‌و که بریتییه له ده‌وڵه‌تی رووحانی و به‌شێک له سیما ناسراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که پێشتر خاوه‌ن پله و پایه بوون و ئێستا دوور خراونه‌ته‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی رووحانی دا شوێن پێیه‌ک بۆخۆیان بکه‌نه‌وه‌و به پێکهێنانی زۆرینه‌یه‌ک له نێو مه‌جلیسدا، به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست چوویان به ده‌ست بێننه‌وه.
دووهه‌م: ده‌سبه‌سه‌ر کردنی ئه‌م جاره‌ی رۆژنامه‌نووسان راسته‌وخۆ له لایه‌ن سازمانی ئیتلاعاتی سه‌ر به سوپای پاسداران ئه‌نجام دراون، واته له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگای قه‌زایی که ئاماژه‌یه‌کی ترسناکه بۆ سه‌رکوتێکی هه‌مه لایه‌نه که له ئۆرگانه‌کانی سه‌ر به به‌یتی ره‌هبه‌ری و له لایه‌ن خودی خامه‌نه‌ییه‌وه پلانیان بۆ داڕێژراوه و جێبه‌جێ ده‌کرێن. پێده‌چێ خامه‌نه‌یی نیگه‌رانییه‌کی جیددی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌بێ و هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ حذفی باڵی میانه‌ڕه‌و خستبێته گه‌ڕ تا ئیزن نه‌دا جارێکی تر مه‌جلیسێکی هاوشێوه‌ی مه‌جلیسی شه‌شه‌م دووپات ببێته‌وه.
سێهه‌م: کرانه‌وه‌ی رێژه‌یی فه‌زای سیاسی له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا یه‌کێک بووه له‌و تاکتیکانه‌ی که حاکمییه‌ت په‌یڕه‌وی کردووه تا به دروست کردنی فه‌زایه‌کی رقابه‌تی هه‌وڵ بدا خه‌ڵک بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژادنه‌کان هان بدا و به‌م شێوه‌یه شه‌رعییه‌ت به سیسته‌مه سیاسییه‌که‌ی بدا. به‌ڵام ئه‌مجاره سیاسه‌تێکی پێچه‌وانه گیراوه‌ته به‌ر و ئۆرگانێکی ئه‌منیه‌تی و نیزامی وه‌ک سپای پاسداران مه‌یدانداری فه‌زای سیاسی و میدیایی گرتۆته ئه‌ستۆ.
چواره‌م: که‌م ڕه‌نگ بوونه‌وه‌ی ململانێی ئه‌تۆمی له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و ولاتانی رۆژئاوا، ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی له نێو باڵی ده‌ست رۆیشتووی کۆماری ئیسلامی‌دا دروست کردووه که پرسی ئازادی و دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ له په‌ڕاوێز بێته ده‌ر و ببێته ده‌غده‌غه‌ی سه‌ره‌کیی میدیا و رای گشتی. ئه‌وه‌ش رێک واتای بێ ناوه‌ڕۆک بوونی ماهییه‌تی کۆماری ئیسلامی ده‌گه‌یه‌نێ که له سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی ئازادی و مافی مرۆڤ دامه‌زراوه. که وابوو له وه‌ها بارودۆخێکدا هه‌ر چه‌شنه ده‌نگ هه‌ڵبڕینێکی جیابیران ده‌توانێ کاریگه‌رییه‌کی زۆر زیاتر له سه‌ر رای گشتی دروست بکا و هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ره‌و ئاقارێک به‌رێ که به‌رژه‌وه‌ندیی ئوسوولگه‌راکان بخاته مه‌ترسییه‌وه.
ئاڵۆز بوونی سیسته‌می سیاسی له کۆماری ئیسلامی‌دا و بوونی ئۆرگانگه‌لی موازی، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ره‌خساندووه که ئوسوولگه‌راکان به ئاسانی بتوانن له رێگای ئۆرگانی جۆراوجۆر هه‌ر چه‌شنه ده‌نگێکی ناڕه‌زایه‌تی کپ بکه‌ن و به ویستی خۆیان نه‌خشه‌ی سیاسی دابڕێژنه‌وه. وه‌ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌رکی سه‌رکوتی رۆژنامه‌نووسان له لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه بۆ جیددی بوونی ڕێبه‌ری نیزام له موهه‌ندیسی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا.