“ئەمیر ڕەزایی”، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە پێدانی ئەندامانی جەستەی، ژیانی بە چەند کەسی تر بەخشییەوە.
بە پێی هەواڵێک کە لە بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی پزشکیی سنە بڵاو کراوەتەوە ئەندامانی لەشی لاوێکی ٢٠ ساڵەی خەڵکی شاری قوروە کە بە هۆی مەرگی مێشکی لە کۆمادا بوو، لە هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانەدا بە ڕەزامەندیی بنەماڵەکەی بەخشرا بە چەند نەخۆشێکی تر و ژیانی دووبارەیان بۆ گەڕاندنەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکانی ئەم زانکۆیە لە ساڵی ٨٣ـی هەتاوییەوە تا ئێستا ئەندامانی ٤٠ نەخۆشی مەرگی مێشکی لە پارێزگای سنە بەخشراونەتەوە بە کەسانی تر کە لەو ڕێژەیە ٢٣ کەسیان پیاو و ١٧ کەسیشیان ژن بوونە.
جێی ئاماژەیە، هەنگاوی مێهرەبانی و کاری مرۆڤدۆستانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە فەرهەنگ و بەم شێوەیە چەندین کەس لەو ڕێگەیەوە ژیانیان بۆ گەڕاوەتەوە.