لە درێژەی کارەکانی کەمپەینی مێهرەبانییەکانی جوانڕۆ و ڕێز گرتن لە کەسانی خەمخۆر و نیشتماندۆست، ئەم جارە ڕێز لە شەهیدانی ژینگەی “ژیوای”ـی پاوە گیرا.
ئەم کەمپەینە ئەم جارە سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی ژینگەی کرد و تەندیسی مێهرەبانیی پێ بەخشین.
لە بەشێک لە نووسراوەکەی ئەم کەمپەینەدا هاتوە، پارێزەرانی ژینگە فیداکارانە دەسووتێن، تا نەهێڵن ژینگەی نیشتمانەکەمان بسووتێ، دەسووتێن تا کەسانی تر بمێنن.
هەروەها لە بەشێکی تری نووسراوەکەیاندا هاتوە، لەوانەیە درەنگ بووبێ باس کردن لە شەهیدانی ئەم جارەی ژینگە و فیداکاریی پارێزەرانی ئەنجومەنی ژیوایی پاوە، بەڵام بۆ ئەوەی یاد و ناویان بۆ هەمیشە لە دڵ و گوێماندا بمێنێتەوە هیچ کات درەنگ نییە، بۆ ئەوانەی کە بۆ زیندوو مانەوەی دڵی ئەو ژینگە سەری خۆیان دانا و گیانی خۆیان فیدا کرد.
کەمپەینی مێهرەبانییەکانی جوانڕۆ وەک ڕێزێک لە فیداکاری و ئەرکی نیشتماندۆستیی ئەم سێ لاوە خۆبەخشانە بە ناوەکانی “موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریم” کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی بووزین و مەرەخێڵ لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەست دا، سەردانی بنەماڵەکانیانی کرد و تەندیسی ڕێزلێنانی مێهرەبانییان پێشکەش کردن.
جێی ئاماژەیە، کەمپەینی مێهرەبانییەکانی جوانڕۆ یەکێک لە کەمپەینە چالاکەکانی شاری جوانڕۆیە کە ساڵانە بە پێدانی تەندیسی مێهرەبانی ڕێز لە کەسانی خۆبەخش و دڵسۆزی نیشتمان دەگرێ و هەوڵ دەدا لەم ڕێگەیەوە پێزانینی خۆی بۆ ئەرکەکانیان نیشان بدا.