خەڵکی کوردستان لە بەرەبەری ساڵیادی ٣١ ساڵەی تێرۆری دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو”، بە شێوەیەکی بەربڵاو و جیاواز پەیمان لە گەڵ ئامانجی شەهیدان و حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێ دەکەنەوە .
بە پێی ئەو وێنە و فیلمانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر لە لوڕستانەوە تا ماکۆ بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەردەوامە، خەڵکی کوردستان و دڵسۆزان و لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕییانی لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە “ویەن”، پێتەختی وڵاتی ئۆتریش ئەمساڵ چالاکتر و بە شێوەیەکی جیاوازتر لە ساڵان سەرەڕای میلیتاریزەبوونی هەموو شەقام و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناردنی وێنە و دەنگ و ویدیۆ لەنێو شەقام و کۆڵانی شار و گوندەکانی کوردستانەوە جارێکی دیکە پەیمانی وەفاداری و درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل و بە تایبەت ڕێبەری شەهیدمان دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و حیزبە خۆشەویستەکەی خۆیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانیان نوێ کردەوە و سەلماندیان کە هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەیارانی حیزبی دێموکرات بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی ڕۆڵ و نەخشی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی شەهیدمان بۆ ڕێبەرایەتییکردنی بزووتنەوە و خەڵکی کوردستان بێ ئاکام بووە و هیچ لەمپەر و کۆسپ و هەڕەشە و سەرکوتێک ناتوانێ دێموکرات و ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو حیزبە لە بیری خەڵک بباتەوە و ئەو حیزبە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردستانە و کۆماری ئیسلامیی داگیرکەریش قەد ناتوانێ خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ.