وتەبێژی “پێنتاگۆن” بە ئاماژە بە قسەکانی فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین هەڕەشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “نیووزویک ” وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم کە ڕۆژی یەکشەممە لە ڕۆژنامەی ئێرانیی “سۆبحی سادق”ـدا بڵاو کرایەوە و گوتبووی هەموو کەناراوەکانی ئێران پڕچەک و ئامادەیە بۆ هێرش کردنە سەر دوژمنان، دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بانگەشەی دۆستایەتیی لەگەڵ دراوسێکانی دەکا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە شێوەیەکی ئاژاوەگێڕانە هەموو وڵاتانی دراوسێ تێکداوە و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت دراوسێکانی.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بناغەی بیریی ئەو ڕێژیمە بە پەرەپێدانی دەسەڵات و هیلالی شیعە دامەزراوە و لە ماوەی ئەم ٤١ ساڵەی دەسەڵاتدارییدا هەوڵی بۆ دراوە و لە ڕێگای دەستێوەردان و ئاژاوە نانەوە و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئێران و ڕاماڵینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەوە تا ئێستاش درێژەی کێشاوە و بەردەوامە.












