کرێکارانی “حەوت تەپە” لە بیست و سێهەمین ڕۆژی مانگرتنیاندا لەسەر شەقامەکانی شاری شووش داوای پشتیوانیی خەڵک لە داواکانیان دەکەن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ناوەندی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی حەوت تەپە لە بیست و سێیەمین ڕۆژدا بەردەوامە و چەند ڕۆژێکە کرێکارانی ناڕازیی دەچنە بەردەم فەرمانداریی شاری شووش و داوا لە خەڵکی ئێرانیش دەکەن کە پشتیوانییان بکەن بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان.
شایانی باسە کە کرێکارانی حەوت تەپە ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی پێنەدانی مافەکانیان لە لایەن بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و لەو پێوەندییەدا نەک هەرهیچ مافێکیان دابین نەکراوە بەڵکوو تووشی ئازار و ئەشکەنجە و زیندان و بێڕێزیش بوونەتەوە.