وەزیرى دەرەوەى ئیسڕائیل ڕایگەیاند ئێمە هەندێک گورزی نهێنی دەوەشێنین کە وا باشترە هەر بە نهێنی بمێنێتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “جێرۆزالێم پۆست”، “گێبی ئیشکنازى” وەزیرى دەرەوەى ئیسرئیل ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە وڵامى پرسیارێکى “جرۆزاڵێم پۆست” لەسەر تەقینەوەکانى ئەم دواییەى ناوەندە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕاستەوخۆ هێرشەکانی بە ئەستۆ گرت و گوتی: نابێ بە هیچ شێوەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستى بە چەکى ناوکی و مووشەکی پێشکەوتوو ڕابگات، ڕێژێمى کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو هێزەیەوە هەڕەشەیە لەسەر هەموو ئیسرائیل و ئاسایشی ناوچەکەش.
ناوبراو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئیسرائیل ناتوانێ بێدەنگ بێ و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنیشت سنوورەکانییەوە تەراتێن بکات. ئێمە هەندێک گورز دەوەشێنین کە باشترە بە نهێنى بمێننەوە.
سیاسەتی دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل لە کۆنەوە ئەوە بووە کە ڕێگە نەدەین کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستى بە چەکى ناوکی بگا.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر ناوەندە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران و لە تازەترین تەقینەوەی ناوەندە هەستیارەکانی ڕێژیمدا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی لە باقر شاری سەر بە کەهریزەکی تاران ٢ کەس کوژران و ٣ کەسی دیکە بریندار بوون.












