ئەندامانی گرووپێکی موسیقی کوردیی سەرشەقام لە ئیلام بەهۆی ئەوەی کە یەکێک لەوان کچ بووە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “هێرانا” ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دوای ئەوەی کە کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە کە لەودا گرووپێکی موسیقی کوردیی سەرشەقام، کە یەکێک لە ژەنیارەکانی کچێکی گەنج بووە لە شەقامی سەعدی لە شاری ئیلام بەڕێوە چووبوو دەسبەسەر کران.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کورتە ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاندوە: کە بەڕێوەبردنی موسیقیی سەرشەقام و ژەنیاریی ژنان دەبێتە هۆی تێکدان و لە بەرچاو نەگرتنی بنەماکان و ڕێو شوێنی ئایینی ئیسلام.
دوای لێدوانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەو شارە دادستێنی ئیلام بڕیاری دەسبەسەر کردنی ئەو گرووپەی دەرکرد و دوای دەسبەسەر کردنیان ئەندامانی ئەو گرووپە موسیقییە ڕادەستی ناوەندی قەزایی کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانوو و پاساوی جیاجیاوە پێش لە بەڕێوەچوونی گۆرانی و مووسیقی و شادیی خەڵک دەگرێ وهیچ یاسایەکی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا لەبەرچاو ناگیردرێ.