بە پێی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئاکسفۆرد، کۆمارى ئیسلامىی ئێران لە نێو ١٧٠ وڵاتى دونیا لە پێوەندی لەگەڵ کۆنتڕڵکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ڕیزبەندی خراپترین وڵاتەکاندا جێی گرتوە.
لە بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا لە شاری تاران ٧٠ کەس بە کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.
بەرزبوونەوەی ئامارەکانی گیان لەدەست دان بە کۆڕۆنا لە ئێران ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایە و “موحسێن هاشمی”، بەرپرسی شوورای شاری تاران ڕایگەیاندوە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا لە گۆڕستانی (بهشت زهرا)ی، تاران ٧٠ کەسی تووشبوو بە کۆڕۆنا لەو گۆڕستانە نێژراون، ناوبراو هەروەها گوتی ئەو دۆخە زۆر جێگای نیگەرانییە و پێشتر لە ڕۆژێکدا ئاماری ئەو کەسانەی بە کۆڕۆنا گیانیان لە دەست دەدا لەو گۆڕستانە دەگەیشتە ١٩ کەس بەڵام ڕۆژی ڕابردوو بۆ ٧٠ کەس بەرزبووەتەوە .
“عەلیڕەزا زاڵی”، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە پارێزگای تاران لە زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە نیگەرانی دەربڕی و گوتی دۆخەکە ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێ و بەوەش گیانی هاووڵاتیان زۆرتر دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، بە هۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا دۆخی پارێزگاکانی خوزستان، هورموزگان، بووشەهر، تەورێز، خوراسانی ڕەزەوی، سنە، ئیلام، کرماشان و ورمێ سوور ڕاگەیەندراون.
هەروەها پارێزگاکانی گوڵستان، ئەلبوورز، کرمان، یەزد، هەمەدان، سیستان و بلوچستان بە هۆی ئاماری تووشبووان بە کۆڕۆنا مەترسیدار ڕاگەیەندراوە و لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا ١٦٣ کەس بە کۆڕۆنا لە ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٢هەزارو ٦١٣ کەسیش تووشی کۆڕۆنا بوون.
شایانی باسە کە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە ئێران ٢٤٣ هەزار و ٥١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و زیاتر لە ١١ هەزار و ٧٣١ کەس گیانیان لە دەست داوە.