لە درێژەی ڕەشبگیریی لاوانی کورد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە،٣ لاوی بۆکانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەسبەسەر کران.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نیوەشەوی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسێک لەو شارە بە ناوی “چالاک ڕەحیم دووژنە” لە گەڕەکی “مەجبوورئاوای” بۆکان و بە بێ هیچ هۆکار و ڕوونکردنەوەیەک وێڕای بێڕێزی بە بنەماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەرو بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هەر لە شاری بۆکان سەر لە بەیانی دوینێ ڕێکەوتی ۱۶ی پووشپەڕ دوو هاووڵاتی خەڵکی “میراوای” بۆکان بە ناوەکانی “ئەحمەد ناسری و جەلال ناسری”، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان لە ماڵ و شوێنی کارەکەیان لە میراوا دەسبەسەر کران، کە جەلال ناسری پاش چەند کاتژمێر ئازاد دەکرێ، بەڵام ئەحمەد ناسری هەروا دەسبەسەرە و لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکردنیشی هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
شایانی باسە کە بە وتەی بنەماڵەی ناسری لە کاتی دەسبەسەرکردنی “جەلال و ئەحمەد ناسری”ـدا دەیان کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بە چەندین ماشینی ڕەش و چەک و چۆڵێکی زۆرەوە دەورووبەری ماڵی ناوبراویان تەنیبوو و دڵەڕاوکێیەکی زۆریان بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردبوو.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی ڕەشبگیریی لە کودستان دەست پێکردوە و دەیان کەس لە لاوان و خەڵکی کوردستان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.