بە پێی هەواڵ و گرتە ویدیۆ بڵاو کراوەکان لە زۆربەی شار و ناوچە و ئاواییەکانی کوردستان، بە هۆی کەمیی ئاو و هەروەها نەبوونی ئاوێکی خاوێن و باش خەڵک لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەڕێ دەکەن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئاوی گەڕەکی زۆرێک لە شارەکانی کوردستان وەک مەهاباد و پیرانشار و سەقز و چەندین شاری تر یەکجار پیسە و بە کەلکی خواردنەوە نایەت، کە وەک دەگوترێ و لە گرتە ویدیۆکاندا دەبینرێت ڕەنگی ئاوی ئەو ناوچانە ئاسایی نییە و ڕەنگی لێڵ و قوڕاویی هەیە و هێندێک جار زیندەوەری بچووک لە نێو ئاوەکەدا دەردەکەوێ و خەڵکی تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کردوە.
لە لایەکی تریش بەشی زۆری ناوچەکانی کوردستان بە تایبەت ناوچە پەراوێزخراوەکان لە کەمیی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن و خەڵک ناچارن بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە ڕێگەیەکی زۆر ببڕن و بە دەبە و دەفر و بە کۆڵ ئاو بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان ڕاگوێزن.
هەر لە تازەترین هەواڵدا بۆ ماوەی چەند حەوتوویەکە هەندێک گوند و گەڕەکی “ڕوانسەر” کێشەی بێئاوییان هەیە و ئیدارەی ئاو ڕایگەیاندوە کە لە داهاتوودا ئاوی ئەو شارە جیرەبەندی دەکرێ، هەروەها بەشێک لە ئاواییەکانی ناوچەی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا لە ئاوی خواردنەوە بێبەرین.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە کوردستان خاوەن گەلێک سەرچاوی ئاو و کانیاوێکی زۆرە، کە بە گوتەی خەڵکی ئەم شارانە بەشی زۆری ئاوی شارەکانی ئێران لە کوردستان دابین دەکرێ و ئاوی کوردستان بۆ شوێنەکانی تر ڕادەگوێزن، بەڵام خەڵکی کوردستان خۆیان لەگەڵ پیسی و کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەو ڕوون و هەڵوێست و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەو پێوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە و کاربەدەستان هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە نەداوە.