بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و زانیارییەکانی کاناڵی تێلێگرامیی “سرخط”، سەبارەت بە دۆخی ژیانی کرێکاران، لەگەڵ داخرانی سنوورەکان بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، دۆخی بژیوی کرێکارانی بیناسازیی پارێزگاکانی کوردستان لە ئێران تووشی گرفتی زیاتر بووە. ڕەوتی بێکارییە بەربڵاوەکان لە پاڵ دابەزینی بەهای دراو لە ئێران، کرێکارانی ئەم ناوچانەی بۆ کاری ڕۆژمز، دەسفرۆشی و ساختمانی، بەڕێی باشووری کوردستان کردوە.
هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی لانیکەمی پووڵ بۆ هەڵسووڕانی ژیان، بووەتە هۆی ئەوەی کرێکاران سەرەڕای نەبوونی بیمە، دۆخی دژواری کار، نەبوونی ئەمنییەتی گیانی و زیادبوونی ڕووداوەکانی کار بە ناچاری درێژە بەم کارە بدەن.
ئەمە لە حاڵێکدایە بێتوو یەکێک لەم کرێکارانە تووشی ڕووداوی کار بێ و بەم بۆنەیەوە نقوستان بێ، خاوەنکار لە بەرامبەردا خۆی لێ بە بەرپرسیار نازانێ و، هیچ هەواڵێک لە بیمە و قەرەبووکردنەوە نییە.
ئەم کرێکارانە کە پێشتریش ئەزموونی کاری وەک کۆڵبەرییان تێپەڕاندوە، توانایی وەرگرتنی ویزای یەک مانگەی باشووریان نییە و زۆربەیان لەژێر ناوی کۆمپانیای جۆراوجۆر و گەشتیاری و یان لە ڕێگەی قاچاخەوە دەچنە ئەوێ و، هەر ئەمەش بەرپرسیارەتیی ناوەندە فەرمییەکان لە هەمبەریاندا کەم دەکاتەوە.
بۆ ئەم ۳٥ هەزار کرێکارە کە مانەوە لە ئێران واتە بەردەوامیی بێکاری و مەرگ لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە، دۆخی نالەباری کار لە باشووری کوردستان، تەنیا بژاردەی بەردەمیانە بۆ مانەوە و ژیان.