نوێنەری “شەهرزا و دێهقان” لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی خوازیاری گۆڕانی “ڕوانگەی سوننەتیی مەجلیس” لە پێوەندی لەگەڵ ژنان بە مەبەستی “قایمبوونی بنەمای بنەماڵە و چوونەسەری پێگەی ژن”ـە.
“سومەییە مەحموودی” لە وتووێژێکدا لەگەڵ “ایرنا” گوتی: “کاتێک لە مەجلیسدا لە توانایی و زەرفییەتی ژنان لە پێکهاتەی شاندی سەرۆکایەتیی مەجلیس و کۆمیسیۆنەکاندا کەلک وەرناگیرێ و یا، تەنانەت کارمەندانی ژن ناتوانن لە تاقیکردنەوەی بەڕێوەبەریی کۆمیسیۆنەکاندا بەشداری بکەن، چۆن دەکرێ دژایەتیی سیاسەتە دژەخێزانییەکان بکرێ، لە کاتێکدا ژن کۆڵەکە سەرەکییەکەیەتی؟”
ناوبراو بە ئاماژەدان بە یەکێک لە ڕەخنەکانی مەجلیسی یازدەهەم لە دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ پێنەدانی یارانە بە منداڵانی تازە لەدایک بوو، گلەیی کرد و گوتی: “شاندی حەوت کەسیی پێکهاتوو لە ئەندامانی شاندی سەرۆکایەتیی مەجلیس، لە دوای پێداچوونەوەیان بە داواکاریی ژنان لەسەر چوونە نێو شاندی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنەکانەوە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ژن پێویستە منداڵداری بکا و خەریکی کار و باری ماڵەوە بێ.”
سومەییە مەحموودی ئەم جۆرە بیروبۆچوونانەی بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی “پێکهێنان، بەهێزکردن و بردنەسەرەوەی بنەماڵە” زانی، چونکی بە گوتەی ئەو “دەبێتە هۆی ئەوەی ژن هەست بکا کە منداڵی بوو، لە کۆمەڵگە دوور دەکەوێتەوە.”