“محەممەد سەعیدی”، بەڕێوەبەری شیرکەتی کەشتیڕانیی ئێران، بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی دەسبەسەر کرا.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی “رجانیوز″، محەممەد سەعیدی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی وتووێژی ناوکیی ئێران لە دەورانی ڕێفۆرمخوازییدا بوو و، دواتر لەگەڵ هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ڕۆحانی، بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکی لە بواری کەشتیڕانییەوە هەبێ بوو بە بەرپرسی ئەم شیرکەتە.
سەرچاوەیەکی قەزایی ئاگادار لەو بارەوە هەواڵی دەسبەسەر کردنی “محەممەد سەعیدی”ـی گەڕاندەوە بۆ گەندەڵیی ماڵیی ناوبراو و گوتی: “هیچ پێوەندییەکی بە بابەتی ناوکییەوە نییە و ناوبراو پێشتریش ناوی لە شەبەکەی فەساد لە شیرکەتی کەشتیڕانییدا هاتبوو.” لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە گەندەڵیی ماڵیی پەروەندەی کەشتیڕانی، یەکێک لە پەروەندە گەوەرەکانی دەزگای قەزایی ئێرانە.
شایانی باسە کە “محەممەد سەعیدی” لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی وەک بەڕێوەبەری شیرکەتی کەشتیڕانی هەڵبژێردرابوو و لە ساڵی ٩٨ـی هەتاوییدا دەستی لە کارکێشابۆوە و لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵیی ماڵی لە دەورانی بەرپرسایەتییەکەیدا لە لایەن ناوەندی بازپرسیی گشتیی ئێران، دەسبەسەر کرا.
دوای دەست لە کارکێشانەوەی سەعیدی، بەشێک لە میدیاکان هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەی ناوبراویان دەست بە سەردا گرتنی “نەوتهەڵگری ئێرانی” لە جەبەلوتارق و بەشێکیش گەندەڵیی ماڵی ڕاگەیاند.
محەممەد سەعیدی لە دەورانی سەرۆک کۆماریی” مەحموود ئەحمەدینژاد”دا جێگری ناوەندی وزەی ناوکیی ئێران بوو کە دوای دەسبەسەر کردنی چەن کەسی نزیک بە ناوبراویش دەسبەسەر کران.