پاش هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق و دواتر هێرشی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەمریکا هەڕەشە لە عێراق دەکا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی”سوومریە نیووز″، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا لە نزیک بنکەی هێزەکانی ئەمریکایی، بەڵام هیچ خەسارێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە دوێنێ یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕیش مووشەکێک ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرا کە بە دژە مووشەکیی پاتریۆتی ئەمریکاییەکان تەقێندرایەوە.
هەرچەند کەس هێرشەکان وەئەستۆ ناگرێ، بەڵام ئەمریکا و حکوومەتی عێراقیش، چەکدارانی حەشدی شەعبیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە دەزانن، هەر بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە هۆشداریی بە حکوومەتی عێراق داوە کە لە ئەگەری دەسبەسەر نەکردنی ئەو چەکدارانەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە یارمەتییە ئابوورییەکان بۆ ئەو وڵاتە ڕادەگرێ.
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش هێزەکانی حکوومەتی عێراق هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی چەکدارانی حیزبوڵای عێراق و چەند بەرپرسێکیان دەسبەسەر کرد و دەستیان بەسەر چەک و چۆڵێکی یەکجار زۆری ئەو گرووپەدا گرت.












