لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆری ڕیبەری هەمیشە زیندوو”دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو”، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنە بە شێوەیەکی بەربڵاو کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەیان بە وێنە و تراکتی دوکتور قاسملوو ڕازاندەوە و زۆربەی گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکانی شاری سنە بە وێنە و وتەکانی دوکتور قاسملوو و هەروەها دروشمی درێژەدانی ڕێگای قاسملوو و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نەخشێندران.
کوڕان و کچانی دێموکرات لەو شارە لە گەڕەکەکانی “فەیزاوا، چوارباخ، نەنەڵە، فەرەح و مەیدانە سەرەکییەکانی شار وەکوو مەیدانی ئێقباڵ، دەورمەیان، گەڕەکی ٢٥، فەرەح، مزگەوتی هاجەرەخاتوون لە ناوەڕاستی شار و تاناکۆرای سنە و چەندین شەقام و گەڕەکی دیکەی ئەو شارە، جارێکی دیکە سەلماندیان کە سنە شاری دێموکراتە وهیچ بەربەست و گوشارێکی دوژمن ناتوانێ پێش بە لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بگرێ و هیچکات ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی خۆیان لە بیر ناکەن.
لە لایەن کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەسخۆشی و ماندوو نەبوونی تایبەت لە هاوڕێیانمان لە شاری سنە دەکەین وشانازی بە بوونیانەوە دەکەین و هیوامان سەرکەوتنی زیاتریانە لە ئەرک و چالاکییەکانیاندا.