بە پێی ئاکامە سەرەتایییەکان لە جیاکردنەوەی نزیک سهدی ٩٩ ی دەنگەکان دەرکەوتووە، پارتی دێموکراتی گەلان هەدەپ HDP توانی ڕێژەو بەربەستی سهدی ١٠ تێپەرێنی و بگاتە پەرلەمانی تورکیە.
لە هەڵبژاردنی مانگی ژوئهنی ئەمساڵدا لە تورکیە هەدەپ توانیبووی پتر له سهدی ١٣ی دەنگەکان وەدەست بێنیو لە ئاکام دا ببوو بە خاوهنی ٨٠ کورسیی پاڕلمانی ئهو وڵاته، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی تورکیەدا دوای کەمکردنی دهنگهکانی ئێستا نزیک بە ٦٠ کورسیی هەیە.
پارتی دادو گەشەپێدان AKP لە هەڵبژاردنی ئەمرۆ ٤٩.٤% دەنگەکانی بە دەست هێناوە و کورسییەکانی نزیک بە ٣١٦ کورسی دەبێ، ئهوهش له حاڵێکدا که لە هەڵبژاردنی مانگی ژوئهنی تورکیەدا پارتی دادو گەشەپێدان سهدی ٤١ ی دەنگەکانو ٢٥٨ کورسیی بە دەست هێنابوو.
لە سەریەک دوای ئەم هەڵبژاردنە پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ماوەی ٤ ساڵی دیکە حکوومەتی تورکیەو پارلەمان بەرێوە دەباو ئەوە لە کاتێکدا بوو که له ههڵبژاردنهکهی پێشوودا به ٢٥٨ نەیتوانی بوو حکوومەتی هاوبەشیش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نێو پارلەمان پێک بهێنێ.
دوابەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتی تورکیە وتەبێژو هاوسەرۆکهکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە دیمانەو لێدوانێکی تایبەت دا، وێرای ئاماژە کردن بە دابەزینی دەنگەکانیان هاوکاتیش سوپاسو پێزانینی حیزبهکهیان بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەنگیان بە پارتی دێموکراتیکی گەلان داوە ڕاگەیاند.
فیگەن یوکسەکداغ وێڕای ئاماژه به بارودۆخی باکووری کوردستانو تورکیه پێش ئهم ههڵبژاردنانهو ئهو دۆخهی بۆ حیزبهکهیان دروست ببوو، ئاماژەی بە دابەزینی ڕێژەی دەنگەکانو لە دەستدانی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پێشوو کردو گوتی کە ئیمە هەوڵ دەدەین خەسارناسی لە سەر ئەو دابەزینە بکەینو ئەو سەرکەوتنەش بە سەرکەوتنی هەموو ئەو کەسانە دەزانین کە لەو قۆناخە سەختەدا خەباتیان بۆ سەرکەوتنی پارتی دێموکراتیکی گەلان کردووە.
سەلاحهددین دەمیرتاشیش گوتی: نایەکسانی و نادادپەورەری لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا بووەو ناکرێ هەروا بە سادەیی بە سەریدا تێپەر ببین. لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا پارتی دێموکراتیکی گەلان نەیتوانی وەک خۆی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بکاو زیاتر لە خەمی پاراستنی گیانی خهڵکو لایەنگرانو دۆستانی پارتییەکەمان دابووین. ڕاستە ڕێژەی دەنگەکانمان بە نیسبەت هەڵبژاردنی ٥ مانگی ڕابردوو دا نزیکەی ملێونێک دابەزیوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەی ئاماژەم پێدان دیسانیش سەرکەوتووینو بە پیوە وەستاوین.
ئهو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: ئێمە لە ماوەیەکی دیکەدا هەموو ئۆرگانەکان و شوێنە بریار دەرهەکانی خۆمان کۆ دەکەینەوەو خۆمان ڕێک دەخەینەوەو باسی کەمو کورییەکان دەکەین و خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ ئامادە دەکەین.