عه‌لیڕه‌زا جه‌مشیدی، جێگری وه‌زیری دادگوسته‌ریی ئێران باس له قاچاغی یه‌ک میلیارد دۆلاریی خواردنه‌وه ئه‌ڵكۆڵییه‌كان له‌م وڵاته ده‌کا.
عه‌لیڕه‌زا جه‌مشیدی قاچاغی مه‌شڕووب‌و خواردنه‌وه ئه‌ڵكۆڵییه‌كانی له ئێران به سه‌رشۆڕی‌و شووره‌یی بۆ کۆماری ئیسلامی زانیوه‌و ده‌ڵێ: ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی بچووك‌و که‌م نییه. ساڵی ڕابردوو بایی ١ میلیارد دۆلار مه‌شڕووب هاورده‌ی ئێران كراوه‌و خوراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك له نیزامی كۆماری ئیسلامی ناوه‌شێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌كرانی خواردنه‌وه‌و كڕین‌و فرۆشتنی مه‌شڕووب له ئێران، به‌ڵام به‌پێی ڕاپۆرتی كۆمه‌ڵێك له سه‌رچاوه مه‌ده‌نییه‌كان، زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار كه‌س له ئێران له بازاڕی قاچاغی خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵكۆڵییه‌كان‌دا خه‌ریكی كارن‌و کاسبی ده‌که‌ن.
له حاڵێكدا كه له وڵاتانی ئورووپایی فرۆشتن‌و به كارهێنانی مه‌شرووب‌و خواردنه‌وه ئه‌ڵكۆڵییه‌كان بۆ لاوانی ژێر ١٨ ساڵ قه‌ده‌غه‌یه‌و كه‌سانێكیش كه له‌م قانوونه لابده‌ن، سزای قورسیان بۆ وه‌به‌ر چاو ده‌گرن، به‌ڵام له ئێران زۆرترین خواردنه‌وه ئه‌ڵکۆڵییه‌کان له‌لایه‌ن كه‌سانی ١٧ تا ٣٥ ساڵ ده‌خورێته‌وه.
هه‌ر له‌باره‌ی به‌كارهێنانی ئه‌ڵكۆڵ له ئاستی جیهان‌دا، ساڵی ڕابردوو ڕێكخراوی جیهانیی بێهداشت ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی بڵاو كرده‌وه.
له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتبوو كه وڵاتی ئێران له نێو ١٩٠ وڵاتی جیهان‌دا له بواری خواردنه‌وه ئه‌ڵكۆڵییه‌کان له پله‌ی ١٦٦دا جێی گرتوه، ئه‌م وڵاته هه‌روه‌ها له ڕووی ڕێژه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌ش كه زۆرترین مه‌شڕووبی لێ ده‌خورێته‌وه، له پله‌ی نۆزده‌یه‌م دایه.
له‌م ڕاپۆرته‌دا هه‌روه‌ها هاتووه كه هه‌ر مه‌شڕووب‌خۆرێكی ئێرانی له ساڵدا ٢٥ لیتر خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵكۆڵی ده‌خواته‌وه، ئه‌وه‌ش دوو هێنده زیاتر له خواردنه‌وه‌ی مه‌شڕوو‌ب‌خورێک له ئامریكا‌و ته‌نانه‌ت ڕووسی یه.