جێگری ڕێكخراوی نێهزه‌تی سه‌وادئامووزیی ئێران گوتی به‌پێی سه‌رژمێریی ساڵی ٩٠ له نێو سه‌رجه‌م حه‌شیمه‌تی ئێران‌دا پتر له ٢ میلیۆن كه‌س له قۆناغی ته‌مه‌نی ١٠ تا ٤٩ ساڵ نه‌خوێنده‌وارن.
محه‌ممه‌د مێهدیزاده وێڕای ئاماژه به‌م مه‌سه‌له كه پێویسته به‌رپرسانی سه‌وادئامووزی له پێناو ده‌ستنیشان كردن‌و ڕاكێشانی سه‌رنجی كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار به‌ره‌و فێربوونی زانست‌و خوێنده‌واری هه‌وڵی زیاتر بده‌ن، گوتی: له ساڵانی ڕابردووش‌دا له‌م بواره‌وه هه‌وڵ دراوه، به‌ڵام پێویسته هه‌نگاوی زیاتری بۆ هه‌ڵبێننه‌وه.
قسه‌كانی مێهدیزاده له حاڵێك دایه كه به‌پێی دوایین ئه‌نجامه‌كانی سه‌رژمێریی ساڵی ٩٠، ژماره‌ی كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار له‌م وڵاته دابه‌زینێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. ناوه‌ندی ئاماری ئێران ژماره‌ی نه‌خوێنده‌وارانی پاش ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ی ساڵی ٩٠ تا ئاستی ٣ میلیۆن و ٦٠٠ هه‌زار كه‌س ڕاگه‌یاندبوو. به قسه‌ی باقرزداه سه‌رۆكی ڕێكخراوی نێهزه‌تی سه‌وادئامووزی، ئه‌م ئاماره‌نیشانه‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی كاربه‌ده‌ستان له بواری بنبڕ كردنی نه‌خوێنده‌واری بووه.
باقرزاده هه‌روه‌ها گوتبووی له حاڵی حازردا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه كه‌میی بوودجه‌یه كه وڵامده‌ری بنه‌بركردنی نه‌خوێنده‌واری نییه.
به‌پێی دوایین ئامار كه له لایه‌ن ناوه‌ندی ئاماری ئێرانه‌وه ڕاگه‌یه‌ندراوه، له نێو حه‌شیمه‌تی سه‌رووی ١٥ ساڵ له‌م وڵاته نزیكه‌ی سه‌دی ١٦یان نه‌خوێنده‌وارو سه‌دی ٢٥ی دیكه‌شیان ئاستی خوێنده‌وارییان تا قۆناغی سه‌ره‌تاییه.
بوونی ئه‌م حه‌شیمه‌ته نه‌خوێنده‌واره نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای زۆر بوونی ڕێژه‌ی خوێنده‌وارانی ئێران پاش ئینقلاب، به‌ڵام ئاستی نه‌خوێنده‌واری خه‌ڵكیش ئه‌وه‌نده زۆر له که‌می نه‌داوه.