دوابەدوای گوتەکانی پارێزگاری سنه کە لە بەشێک لە وتووێژەکەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاو کرایەوە و ڕایگەیاندبوو کە هیچ پڕۆژەیەکی کار و دروستکردنی خانووبەرە لە “کووچکەڕەش” دروست ناکرێ و تەنیا بە هاوکاری زانستگای کوردستان خەریکی هێندێک کاری لێکۆڵینەوە لە سەر گوڵ و گیا لەو ناوچەیەین و دوای تەواو بوونی کارەکە پەرژینەکە لادەبەین.
لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی “شنەی نەوژین”، بە کاردانەوە بە گوتەکانی ناوبراو و بە ئاماژە دان بەوەی کە ماوەی زایاتر لە هەشت مانگە دوای هەوڵ و ماندووبوون و ناڕەزایەتییەکانی زۆری خەڵکی ئەم ناوچە و ناڕەزایەتیی دەربڕین بە دروستکردنی ئەو دیوارە و قەول و بەڵێنەکانی کاربەدەستان تاوەکوو ئێستا ئەم پڕۆژەیە لە جێگەی خۆی ماوەتەوە.
شنەی نەوژین باسیان لەوە کردوە کە سەرەتا بڕیاری لابردن و گواستنەوەی دیوارەکان و چاک کردنەوەی ئەو کاولکاریانەی لەم شوێنەدا کراوە دەر بکەن و ڕووخسارێکی جوان بۆ کووچکەڕەش بگەڕێننەوە با خەڵک بە لابردنی دیوارەکە گەشبین بن.
هەروەها باسیان لەوە کرد کە ئاشکرایە تا ئەو کاتەی ئەم دیوارانە لانەبرێن، هیچ دڵنیاییەک لە لای خەڵک بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە دروست نابێ.
جێی ئاماژەیە، ماوەی چەند مانگێکە دیوارێک لە “کووچکەڕەش”ـی سنە دروست کراوە و خەڵکی ئەم ناوچەیە ترسی ئەوەیان هەیە لەم ناوچەیە پڕۆژەی خانووبەرە دروست بکرێ و سیمای کووچکەڕەش تێک بدرێ، بۆیە لەم پێوەندییەدا چەند جارێک ناڕەزاییەتیان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.