نوێنەری چابەهار لە مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: “زۆر شەرمە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خەڵکی سیستان و بەلووچستان ئاوی خواردنەوەیان نەبێ.”
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم “عەبدولغەفوور ئیران نژاد” نوێنەری چابەهار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە وتووێژێکدا باس لە کەمیی خزمەتگوزاری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا دەکا و دەڵێ : لە حاڵێکدا تەنیا لەسەتا ١٩ی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەستیان بە ئاوی شیرین ڕادەگا و بە تایبەت خەڵکی گوندەکانی ئەو پارێزگایە تەنیا یەک میتریش ئاوی لوولەکەشییان نییە کە چی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ شەرمە بۆ بەرپرسانی وڵات کە ٤٠ تا ٦٠ هەزار کەس لە خەڵکی گوندەکانی ئەو پارێزگایە بە جێگای ئاوی لوولەکەشی لە ئاوی چۆم و ڕووبارەکان بخۆنەوە.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە زۆربەی خەڵکەکەی بەلووچ و سوننی مەزهەبن و هەر وەکوو کوردستان لە هەموو بوارێکەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژمەوە پشتگوێ خراون.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانە هەزاران میلیارد دۆلار بۆ ئاژاوە نانەوە لە جیهاندا و پشتیوانیی لە تێرۆریزم و هەروەها پەرەپێدانی ناوەندە مووشەکیی و ناوکییەکانی لە ئێران و ناوەندە مەزهەبییەکانی شیعە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە پارە و سەروەتی خەڵکی ئێران خەرج دەکا لە حاڵێکدا بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئەو وڵاتە لە بێکاری و برسییەتیدا دەژین.