وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران: خامنەیی بەرپرسی گشتیی سیاسەتی دەرەوەیە، ئەگەریش درۆم کردبێ خامنەیی پێی وتووم ڕاستە.
“جەواد زەریف”، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی لە میانەی وتارێکدا کە لە مەجلیسی ڕێژیم پێشکەشی کرد ڕایگەیاند: “خامنەیی بەرپرسی گشتیی کاروبار و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بە بێ ئیزنی ناوبراو هیچ کارێک نەکراوە، هەموو سیاسەتەکان و تەنانەت شێوازی قسەکردنەکانیش لە لایەن خامنەییەوە دادەڕێژرێ.”
زەریف لە درێژەی قسەکانیدا و لە وڵامی تووڕەیی بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا گوتی ئەگەریش لە هەر کوێدا درۆم کردبێ خامنەیی خۆی گوتوویەتی ڕاستە، کە ئەم قسەیەی زەریف ئاژاوەی خستە نێو دانیشتنی مەجلیسەوە و بەشێک لە نوێنەران ناوبراویان بە درۆزن و ترسنۆک ناو دەبرد.
شایانی باسە کە زیکەی هەموو نوێنەرانی مەجلیسی یازدەیەمی ڕێژیم سەر بە خامنەیی و سپای پاسدارانن و شارەزایان ئەم دەورەی مەجلیسیان بە مەجلیسی سەربازیی سپای پاسداران ناودێر کردوە.