باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جارێکی دیکە کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی گرووپە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی”کوردستان ٢٤”، سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی مووشەکێکی کاتیۆشا ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کراوە و لە ڕێگەی سیستمی مووشەکی پاتریۆتەوە لە ئاسمان تێکشکێنراوە، پاشماوەی مووشەکەکەش لە نزیک پردی هەڵواسراو لە ناوچەی سەوز کەوتە خوارەوە.
لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمەریکا کراون.
هەر لەو پێوەندییەدا یەکێک لە نوینەرانی گرووپە شیعەکان لە پارلمانی عێراق “عەلی غانمی”، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “باڵوێزخانەی ئەمەریکا کراوەتە سەربازگە و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی تێدا ئەنجام دەدرێت و چەکی قورس و جۆراوجۆری تێدایە، دەنگی تەقە و ڕاهێنانی سەربازانی ئەمریکایی لە نێو باڵوێزخانەدا هاووڵاتیانی عێراقی لە بەغدا تووشی دڵە ڕاوکێ دەکا.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا ماوەیەکە سیستمی دژە مووشەکیی پاتریوتی هێناوەتە عێراق و ئەمەش کاری کۆماری ئیسلامیی و گرووپەکانی نزیک لەو ڕێژیمە بۆ زەربە لێدان لە ئەمریکاییەکان سەخت دەکاتەوە.












