پرسی سوریە گرنگترین بابەتی چوار ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تێوەگلاوی رکەبەرییە ناوچەییەکان بووە. ئێستا چوار بەرەی سیاسی و چەندین گروپی نیزامی لە شەڕی ناوخۆیی سوریە بەشدارن. وڵاتانی رۆژئاوایی و هێزە میانڕەوەکانی دژبەری ئەسەد، رێژیمی ئەسەد و لایەنگرانی، وڵاتانی کەنداو، و هێزە تووندڕەوە تیرۆریستی¬یەکانی وەکوو داعش و بەرەی نوسرە چوار بەرەی سەرەکی ئەو شەڕەن کە لە گوتار و لێڕوانینی ئیدیۆلۆژیک و پرۆژەی سیاسی¬یان بۆ داهاتووی سوریە تەواو جیاوازن. ئەو هێزانە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو ئیستعدادی کردەوەی هاوبەش و سازان لەسەر پرسە ئەساسییەکانیان لەخۆ نیشان نەداوە و تەواوی هەوڵیان ئەوە بوو کە لە مەیدانی شەڕ پرسەکە یەکلا بکەنەوە.
ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی هەر لە دەستپێکی شەڕ هەوڵی رێکخستنی گروپە نیزامی¬یە میانڕەوەکانیان لەناو ئەرتەشی ئازادی سوریە داو دواتر کاریان بۆ دامەزراندنی دەوڵهتی تاراوگە کرد. هەر دووی ئەو پرۆژانە هەرچەند بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕین بەڵام بە دەستەوەستانی سیاسی ئەمریکا تووشی شکست هاتن. دوابەدوای ئەو قۆناغە، شەڕی سوریە بووە بەستێنی دەستێوەردانی هێزە هەرێمی¬¬یەکان،و بەوشێوە رەنگدانەوەی سیاسەت¬و رکەبەرییە ناوچەییەکان لە شەڕی ناوخۆیی سوریە تەواو دەرکەوت.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە سەقامگیرترین سیاسەتی لە سوریە هەبوو. پێوەندی و هاوپەیمانی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی و سوریە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە و بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەرەی سەندووە. هەر چەند سەرەتا ئێران و سوریە لەمەڕ پرسی لوبنان ناکۆکی جیددی¬یان هەبوو و شەڕی نێوان دوو حیزبی ئیدیۆلۆژیکی شیعە واتا “ئەمەل” و “حیزبوڵڵا” بە شەڕی نیابەتی ئێران و سوریە لەسەر خاکی لوبنان گەیشت، بەڵام بە چارەسەری ئەو پرسە، ئەو دوو وڵاتە وەکوو دوو هاوپەیمانی ستراتێژیک دەرهاتن. ئێران بۆ نزیکبوونەوە لە سنوورەکانی ئیسراییل و یارمەتیدانی حیزبوڵڵا پێویستی بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوریە هەیە و بەشێک لە ئەمنییەتی نەتەوەیی و ناوچەیی خۆی بەگرێدراوی داهاتووی ئەو وڵاتە دەزانێ؛ بەو پێیە کۆماری ئیسلامی لە ئاڵۆزییەکان و شەڕی ناوخۆیی سوریە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد کردووە و بە یارمەتی ماڵی و نیزامی و لۆجێستیکی لە تێکدانی هاوسەنگی هێزەکان بە قازانجی ئەسەد و لە دەسەڵاتدا -هێشتنەوەی ناوبراو تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە.
لەبەرامبەردا وڵاتانی کەنداو هەوڵیان داوە تا لەرێگەی راهێنان و چەکدارکردنی گروپ و لایەنەکانی نزیک لەخۆیان کار بۆ لەدەسەڵات¬لادانی بەشار ئەسەد بکەن. عەرەبستان لەچوارچێوەی رکەبەری ناوچەیی بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کەم¬کردنەوەی هێژمۆنی ئێران لە عێراق، سوریە، لوبنان، بەحرەین و یەمەن دەدا. بەدرێژایی سێ¬ دەیەی رابردوو عەرەبستان بەردەوام رەخنەی لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی سوریە، وەکوو تاکە هاوپەیمانی عەرەبی ستراتێژیکی ئێران، گرتووە. شەڕی ناوخۆیی سوریە دەرفەتی بۆ عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو دروست کرد تا لە سوریە پاکانەحیساب لەگەڵ ئێران بکەن. عەرەبستان سعودی و وڵاتانی کەنداو پێیان وایه لەدەسەڵات¬کەوتنی ئەسەد، دەبێتەهۆی ئیزۆلەبوون و پەراوێزکەوتنی کۆماری ئیسلامی و مەیدانی مانۆڕی لە ناوچەکهدا تەواو بەرتەسک دهبێتهوه.
بەدەستێوەردانی نیزامی ئاشکرای روسیە لە دوو مانگی رابردوودا ئەو بارودۆخە ئاراستەیەکی نادیارتریشی وەرگرتووە. روسیە لە هەوڵی ئەوە دایە تا بە خۆدەرخستنی نیزامی زیاتر لە سوریە، جەخت لەسەر ئەو بابەتە بکاتەوە کە لە هەڵوێستی پێشووی خۆی لەمەڕ پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد سوورەو لەشوێن رۆڵێکی گرنگ¬تر لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشە؛ تا بەو شێوە هەم پێگەی سیاسی خۆی لە ناوچە بەهێزتر بکاو هەم بۆ سیاسەت¬کردن لەگەڵ رۆژئاواو ئەمریکا لە پرسەکانی دیکەی وەکوو قەیرانی ئۆکراین دەست بەتاڵ نەبێ.
بۆ چارەسەری ئەو پرسە رەوتی نوێی وتووێژەکان بەئامادەبوونی زۆربەی لایەنە کاریگەرەکانی مەیدانی سیاسی سوریە، جیا له کورد دەستی پێکردووە. وتووێژەکان لە حاڵێکدان کە رێژیمی ئەسەد لە یەک ساڵی رابردوودا تووشی شکستی زۆر قوورس هاتووە بە¬شێوەیەک کە گریمانە دەکرێ کە تەنیا کۆنترۆڵی بەسەر ٢٠ دەرسەدی خاکی سوریە مابێ. لەلایەکی دیکە شەپۆلی بەربڵاوی کۆچی پەنابەران بەرەو ئورووپا وڵاتانی بریتانیا و فەرانسە و ئاڵمانی زۆر جیددی¬تر لە رابردوو هێناوەتە سەرخەت تا هاوئاهەنگ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و روسیە بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەنگاو هەڵێننەوە. هاوکات لەدوایین خولی ئەو زنجیرە وتووێژانە، کۆماری ئیسلامیش بەشدار کراوە.
چارەنووسی بەشار ئەسەد، ماوەی حکومەتی کاتی، ناوەڕۆکی یاسای بنەڕەتی نوێی سوریە و پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە لە گرنگترین پرسەکانی ئەو وتووێژانەن. وڵاتە یەکگرتووەکان تا ئێستا قایل بە لەسەردەسەڵات مانەوەی بەشار ئەسەد نەبوو، بەڵام لە ماوەی رابردوو لەسەر دەسەڵات مانەوەی ناوبراو بۆ ماوەیەکی کاتی دیاریکراو ناڕەزایەتی نیشان نەداوە و زیاتر پێداگری لەسەر رەوتێک کردووە کە زۆربەی لایەنەکان پێی رازی بن و چارەسەری کۆتایی بۆ ئەو پرسە بێ.
وڵاتانی ئورووپایی، عەرەبستان، تورکیە و قەتەر پێشوازییان لەو پێشنیارە کردووە. لە بەرامبەردا روسیە و ئێران پێداگری لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد دەکەن. بەسەرنجدان بە دۆخی ئارایی سوریە، ئاراستە جیاوازەکان و پرۆژەی سیاسی هەر کام لە لایەنەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلاگر کە کۆکەرەوەی ئیرادەی هەموو لایەنەکان بێ زۆر ئاستەمە. لایەنەکانی بەشدار لەو وتووێژانە چارەسەری هەر قەیرانێک بە کرانەوەی گرێ¬پوچکەی قەیرانێکی دیکە دەبەستنەوە.
ئەگەر بەو رکەبەرییە ناوچەییانەی ناوخۆی سوریە، رۆڵ و سیاسەتی گروپەکانی هاوشێوەی داعش و بەرەی نوسرە زیاد بکەین و تێکدان و رێکخستنەوەی نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیهان¬بینی سەلەفی جیهادی ئەوان لەبەرچاو بگرین، ئاسۆی چارەسەری ئەو پرسە لێڵ تریش دەبێ.