له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ئاماری به‌شوودانی كچانی منداڵ له ئێران به‌رز بۆته‌وه. ئه‌وه له حاڵێك دایه كه به‌پێی قانوونه‌كانی ئه‌م وڵاته كچان ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی خوار ١٣ ساڵیش ده‌توانن ژیانی هاوبه‌ش پێك‌بێنن.
فه‌رشید یه‌زدانی، به‌ڕێوه‌به‌ری شووڕای به‌رزی ستراتژیی به‌رنامه‌داڕشتنی ڕێكخراوی دابین‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م مه‌سه‌له هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه‌ی هه‌ژاریی ئابووری زانیوه‌و ده‌ڵێ: به بڕوای من ئه‌وه هه‌ژاریی ئابوورییه كه هه‌ژاریی فه‌رهه‌نگیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. چونکی هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان له شوێنێك كه ئابووری كه‌متر گه‌شه‌ی كردبێ، ڕێژه‌ی به‌شوودانی منداڵانی كچیش زۆرتر بووه.
به قسه‌ی شه‌هیندۆخت مه‌ولاوێردی، جێگری سه‌ركۆمار بۆ كاروباری ژنان‌و بنه‌ماڵه‌ش زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌ش له نێو منداڵان‌دا، له ناوچه سنوورییه‌كان ڕوویان داوه كه هۆكاره‌كه‌شی ته‌نیا هه‌ژاری‌و نه‌دارییه.
به‌پێی قانوونه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ژن‌هێنانی كوڕان پاش ته‌مه‌نی ١٥ ساڵی‌و شوو كردنی كچانیش له ١٣ ساڵییه‌وه قانوونییه، به‌ڵام به‌پێی مادده‌كانی قانوونی مه‌ده‌نی، بێتوو سه‌رپه‌رستی كچ به باشی بزانێ، پێش ئه‌وه‌ی كچه‌كه بگاته ته‌مه‌نی ١٣ ساڵیش ده‌توانێ به شووی بدا. به‌م شێوه‌یه به كرده‌وه له ئێران هیچ قۆناغێكی ته‌مه‌نی بۆ شوو كردنی كچان دیاری نه‌كراوه‌و له هه‌موو ته‌مه‌نێكدا باوك یان سه‌رپه‌رستی كچ ده‌توانێ به شووی بدا.
فه‌رشید یه‌زدانی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی‌دا ده‌ڵێ: ساڵی ٩٠ـ ٨٩، به‌پێی به‌ڵگه‌کانی سه‌بتی ئه‌حواڵ، ئاماری پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌شی منداڵانم بڵاو كرده‌وه، به‌ڵام سه‌بتی ئه‌حواڵ ئه‌م ئاماره‌ی ڕه‌د كرده‌وه‌و له‌م ساڵ به‌دواوه ئاماری پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌شی منداڵان له ئاماری ڕه‌سمی سڕدرایه‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌پێی ئاماری ڕه‌سمیی ئه‌م وڵاته له ساڵی ٨٥ تا ٦ مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ٩٤ زیاتر له ٨٩٠ هه‌زار كچ له ژێر ته‌مه‌نی قانوونی‌دا شوویان كردوه.