“ڕۆیتێرز” لە زاری چەند بەرپرسی ڕێژیمەوە بڵاوی کردەوە کە هێرشی سەر دامەزراوەی نەتەنز هێرشێکی سایبێری بووە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز کە ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، ٣ بەرپرسی باڵای ئێرانی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێ بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندوە کە هێرشی سەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز لە نزیک شاری کاشان لە پارێزگای ئیسفەهان کە چەند ڕۆژ پێشتر ڕوویدا هێرشێکی سایبێری بووە و ئەگەری زۆری هەیە کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کرابێتە سەر ئەو دامەزراوەیە.
شایانی باسە کە لە ماوەی یەک حەوتوودا دوو جار لە دوو ناوەندی دامەزراوەی ناوکیی لە ئێراندا تەقینەوەی بەهێز ڕووی دا کە ئاماژەکان بۆ هێرشی سایبێریی ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامییش بە ناوی غوڵامڕەزا جەلالی دەڵێ: ئەگەر بۆمان ڕوون بێتەوە کە هێرشی سایبێرییە، لە لایەن هەر وڵاتێکەوە بێ وڵام دەدەینەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژنامەکانی ئیسڕائیل ڕایانگەیاند ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشیی تەواو دایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.