بەهۆی گازگرتووی لە کاتی ڕووخانی کانگایەکی بەردە خەڵووز کرێکارێک گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی، ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بەهۆی ڕووخانی کانگایەکی بەردە خەڵووز لە ئاوایی “سەرتیتان” لە “گەیلانغەرب”ـی پارێزگای کرماشان، نزیکەی حەوت کرێکار تووشی گازگرتوویی بوون و یەکێک لەو کرێکارانەش بە ناوی “جەواد سابتی”، گیانی لەدەست دا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و لە زمانی فەرمانداری کرماشان “کوروش مەحموودیان”، سەرەتا دوو لە کرێکارەکان تووشی گازگرتوویی ببوون و پێنج کەسیش بۆ ڕزگارکردنی ئەوان چوونەتە نێو گانگاکە و لە ئاکامدا ئەوانیش تووشی گازگرتوویی بوون و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی گەیلانغەرب و قەسریشیرین ڕاگوێزراون.
شایانی باسە، کرێکاران لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کاری کرێکاران دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕن و ساڵانە بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە کرێکاران گیان لەدەست دەدەن و هیچ لایەنێکی دەسەڵات و حکوومەت لە بەرامبەر ژیانی ئەواندا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.