سووتان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامە و هەر ڕۆژە هەواڵی سووتانی بەشێک لە دارستان و لێرەوارەکانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و ئەو زانیارییانەی بەدەست ناوەندی ڕاگەیاندانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی کوردستان هەروا لە ئاگردا دەسووتێن و هەر ڕۆژە بەشێکی کوردستان ئاگر دەگرێ.
ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی ،ئاگر بەربووەتە دارستانەکانی ئاوایی “شێخ ساڵح” هەڵکەوتوو لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و خەڵكێکی زۆر خەریکی کوژاندەنەوەی ئاگرەکەن.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۲ی پوشپەڕی ۹۹ی هەتاوی، ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی “بلەکێی” بانە بەربووە و بەم هۆیەوە ڕووبەرێکی بەرچاو لە دارستان و لەوەڕگە و داربەڕووی کۆنەساڵ بوونە سووتمانی ئاگر، بە جۆرێک کە زیانێکی بەرچاو بە دار بەڕووەکانی زاگرۆس کەوتوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە لایەکی تر ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، کێوی “خەیارە” لە نزیک کەلی “سەڵوەتاوا”ی سنە ئاگری تێبەردرا و چەندین هێکتار لە لێڕەوار و ژینگەی ئەو ئاواییە زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە.
جێی ئاماژەیە، بەشی زۆری ئاگری دارستانەکان لە کوردستان لەلایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکەکان دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر کۆنتڕۆڵ دەکرێ.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە سەدان هێکتار لە ژینگە و دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان ئاگریان گرتوە و سووتانی دارستانەکانی بووزین و مەرەخێڵی پاوە بەشێکی تر لەم کارەساتەی ژینگە بوو کە ئاگرەکەی بە دەستی کەسانی خۆبەخش و بە کەمترین ئیمکاناتی ئاگر کوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کرا و لەو نێوەشەدا چەند ژینگەپارێز گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.