ئەمریکا: لە ئەگەری سەلماندنی پێدانی پارە لە لایەن ڕووسیەوە بە میلیشیاکانی تالیبان بۆ کوشتنی هێزەکانی ئەمریکا دژکردەوەی توندمان دەبێ.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” کە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاو کرایەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ئەگەر پشتڕاست بێتەوە کە ڕووسیە پارەی بە میلیشیاکانی تالیبان داوە کە سەربازانی ئەمریکایی بکوژن، ئەمریکا دژکردەوەی توندی لە بەرانبەر ئەو وڵاتەدا دەبێ و ئەو سیاسەتەی ڕووسەکان جێگای قبووڵ کردن نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا “نانسی پلۆسی” سەرۆکی پارلمانی ئەو وڵاتە داوای کرد گەمارۆی بەهێز و توند بخرێتە سەر ڕووسیە.
شایانی باسە، چەند ڕۆژ پێش لە هەواڵدەرییەکانی ئەمریکادا هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە گوایە ڕووسیە لە پشت کوشتنی سەربازانی ئەمریکاوەیە لە ئەفغانستان و لە وڵاتانی دیکەش لە ڕێگای پارەوە بە کەسانی سەر بە تالیبان ئەو کارە دەکا و ئەمەش تا ڕاددەیەک ئاشتی نێوان تالیبان و ئەفغانستان و هەروەها ڕێککەوتنی ئەو گرووپە لەگەڵ ئەمریکا تووشی گرفت دەکا و ڕێگا لە دۆناڵد ترامپ دەگرێ بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ تالیباندا .
جێگای ئاماژەیە کە ڕووسیە و ئەمریکا لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە و بەشەڕی سارد دژی یەکتری دەستیان پێکرد، هەرچەند ڕووسیە ئەو بەهێزییە و جێگە و پێگەی جارانی نەماوە، بەڵام ئێستاش لە زۆربەی وڵاتاندا بەرژەوەندییەکانیان بە دژی یەکە و هەر کامەیان پاڵپشتی لە گرووپێک یان وڵاتێک بە دژی یەکتر دەکەن.












