ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئەوەی ئیدیعای هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە مینڕێژکراوەکانی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەوەندەی بۆیان کراوە سەرڕێی کاروانچییەکانو شوێنە ئەستەمەکانی هاتوچۆ لە سنووریان مینڕێژ کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ناوەندە ئەمنیەتیو هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم پشت بازاڕچەی دەرەوەران تا دەگاتە پشتی بەردەڕەشو دووپلۆرەو پاسگای کانیسێڤیان مینرێژ کردوە، ئەوەش لە حاڵێکدا کە لە میدیاکاندا باس لە هەڵگرتنەوەی مین لەو ناوچانە دەکەن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە تیمێکی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە ناوەندەکانی هەڵگرتنەوەی مین لەو ناوچەیەن، بەڵام کاری ئەوان تەنیا هەڵگرتنەوەی مین لە دەورووبەری کۆنە پایەگاکانی ڕێژیمو ئامادەکاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو مۆڵگانەی ڕێژیمن. لە حاڵێکدا تیمێکی دیکەی ناوندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم خەریکی دانانەوەی مین لە سەر ڕێی هاتوچۆی خەڵک لە ناوچە سنوورییەکانن.
شایانی باسە دانانەوەی مین لەلایەن هێزەکانی رێژیم لە کوردستان لە حالێک دایە کە ئێستاش نیزیک بە ١٢ میلیۆن مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵە لە کوردستان هەڵنەگیراونەتەوەو ڕۆژ نییە تەقینەوەی مین لە کوردستان قوربانیی لێ نەکەوێتەوە.