بەهۆی ڕەخنە گرتن لە خامنەیی پارێزەرێکی ئێرانی حوکمی دوو ساڵ بەند کرانی بەسەردا سەپا.
بە پێی تویتی “محەممەد عەلی کامفیرووزی”، کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی پوشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، بە هۆی ڕەخنەیەکی ناوبراو کە دوو ساڵ پێش لە ڕۆژی خوێندکاردا لە زانکۆی شیراز لە خامنەیی گرتبوو، دادگای شۆڕشی ئەو شارە لەسەر سکاڵای سپای پاسداران و بە تۆمەتی بێڕێزیی بە خامنەیی دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٦٠ جار سەفەرکردن بۆ شیراز لە ماوەی ٥ ساڵدا بۆ ناوبراو بڕییەوە.
کامفیرووزی باس لەوە دەکا کە دوو ساڵ پێش لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکاردا گوتبووی کە خامنەییش لە ڕەخنە بێبەری نییە و ئەگەر ڕێبەری نیزام ئاگای لە کێشەکانی خەڵک و ئێران هەیە، جێگای داخە و ئەگەریش ئاگای لێی نییە سەد ئەوەندە جێگای داخە. هەر ئەمەش وای کرد کە دوو ساڵ حوکمی هەڵپەسێردراوی بەسەردا بسەپێ و لە ماوەی پێنج ساڵیشدا دەبێ ٦٠ جار سەردانی شاری شیراز بکا.
شایانی باسە کە هەر ڕەخنە و بیرێکی جیاواز لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بێڕێزی و دژایەتیی خودا و خامنەیی پێناسە دەکرێ و سزای سەختی بەدواوەیە.