تەقینەوەیەکی بەهێز دامەزراوەی ناوکیی”نەتەنز” لە شاری کاشان لە پارێزگای ئیسفەهانی هەژاند.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، یەک حەوتوو دوای تەقینەوەکەی “خوجەیر” سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، تەقینەوەیەک لە سایتی ناوکیی “نەتەنز” لە پارێزگای ئیسفەهان ڕوویدا.
“بێهرووز کەماڵوەند” وتەبێژی ناوەندی وزەی ناوکی ئێران تەقینەوەی سایتی ناوکیی نەتەنز ڕاگەیاند و گوتی: “ئەو ڕووداوە خەساریی گیانی نەبووە و هیچ زەربەیەک لە چالاکییەکانی ئەو سایتە نەکەوتوە و جێی نیگەرانی نییە.”
سایتی ناوکیی نەتەنز لە ئیسفەهان هەڵکەوتوە و پێشتریش چەند جار هەوڵی تەقاندنەوەی ئەو سایتە درابوو و بەرنامەکانی ناوکیی ئێرانی پەک خستبوو.
ئەو ڕووداوە لە حاڵێکدایە کە حەوتوویەک لەوەو پێش تەقینەوەیەکی دیکە لە خوجەیر ڕوویدا و “داود عەبدی” وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو تەقینەوەیەی بە دزەکردنی گاز ڕاگەیاندبوو.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی “ئاسوشێتدپرێس” ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە هۆکاری تەقینەوەکە پێوەندی بە”گرووپی پیشەیی شەهید باکریەوە” هەبێ کە سووتەمەنی مووشەک دروست دەکا.