“ئەحمەد خاتەمی”، هێرشی کردە سەر “مووسەوی خۆئینیها” کە پێشتر ڕەخنەی لە خامنەیی گرتبوو و دەڵێ: بۆنی خەیانەت دێ.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “ئەحمەد خاتەمی” ئەندامی شۆرای نیگابانی ڕێژیم و بەرنوێژی تاران کە کەسێکی نزیک لە خامنەیی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هێرشێکی توندی کردە سەر “مووسەوی خۆئینیها” کە چەند ڕۆژ پێشتر لە نامەیەکدا نووسیبووی خامنەیی بەرپرسی هەموو کێشەکانی ئێرانە و کەمتەرخەمیی ناوبراو دۆخەکەی گەیاندۆتە بێهیوابوونی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی و هەروەها برسییەتی و بێکاری کۆمەڵگە و دزی و گەندەڵی بەرپرسانی دابووە پاڵ خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم .
خاتەمی لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بۆنی خەیانەت و سپڵەیی لە قسەکانی هەندێک کەس دێ و زۆر سپڵەن ئەوانەی کە ڕەخنە لە خامنەیی دەگرن و کێشەکانی ئێران دەخەنە ئەستۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
شایانی باسە کە دزی و گەندەڵی و دەسەڵاتخوازی بەرپرسانی ڕێژیمی تا ڕاددەیەک دابەش کردوە و هەر جارەو یەکێک لە مۆرە سووتاوەکانیان دەکەنە قوربانی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی لە ئێراندا.