ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگەپارێزی لە گوندی نێ و دەستبەسەر کرانی لاوێکی ئەو گوندە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگەیان نەدا لە گوندی “نێ”ی ناوچەی مەریوان، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە سێ شەهیدی ژینگەپارێزی ناوچەی پاوە، بەڕێوە بچێ و لاوێکی ئەو گوندەشیان دەستبەسەر کرد.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە بڕیار بوو کە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی پووشپەڕ ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە سێ چالاکی ژینگەپارێز کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کوێستانی بووزین و مەرەخێڵی ناوچەی پاوە گیانیان لەدەست دابوو لە گوندی “نێ” بەڕێوە بچێ. چەکدارانی سپای پاسداران ڕژانە نێو ئەو گوندە و ڕێگەیان نەدا ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە بچێ و لاوێکی ئەو گوندەیان بە ناوی “کاوان کەسرایی” تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی “ئەبووبەکر”، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
شایانی باسە کە دوای شەهیدبوونی سێ کەس لە ژینگەپارێزانی ناوچەی پاوە و نەوسوود، بەشێوەیەکی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان خەڵکی دڵسۆز و ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنی ڕێزیان لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە گرت کە لە ئاکامدا تووڕەیی ڕێژیمی لێکەوتووەتەوە.