خەڵکی شاری سنە بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگەی کوردستان گرت.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی کۆمەڵێک لە خەڵکی دڵسۆز و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی شاری سنە لە پارکی منداڵانی ئەو شارە بە دانانی تاجە گوڵینە و وێنەی شەهیدان” بیلال ئەمینی، موختار خەندانی، یاسین کەریمی، شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی” و خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب و خوێندنەوەی شێعر و هۆنراوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی نوێی پاراستنی کوردستان لە مەرەخێڵی پاوە ڕێزیان لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و ڕێگا و ڕێبازی هەموو شەهیدانی پاراستنی نیشتمانەکەمان گرت و پەیمانی وەفاداری و درێژەدانی ڕێگاکەیان بە بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان دا.
شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی سێ ژینگەپارێزی نیشتماندۆستی دەڤەری شاهۆ بە ناوەکانی “بیلال ئەمینی، موختار خەندانی و یاسین کەریمی” لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵی پاوە گیانیان بەختی پاراستنی نیشتمانەکەیان کرد.