کرێکارانی “حەوت تەپە” ماوەی ١٧ ڕۆژە مانیان لە کارکردن گرتوە و چەند ڕۆژە بە ڕێپێوان دەچنە شاری شووش و لە بەردەم فەرمانداری ئەو شارەدا ناڕەزایەتیدەردەبڕن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان سەدان کەس لە کرێکارانی حەوت تەپە لە پارێزگای خووزستان ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بۆ ١٧هەمین ڕۆژ ناڕەزایەتییان دەربڕی و نەچوونەتە سەر کارەکانیان و بە ڕێپێوان خۆیان گەیاندە بەردەم فەرمانداری شاری شووش لەو پارێزگایە و بە دانی دروشمی دژی ڕێژیم و بە تایبەت حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کاربەدەستانی ڕێژیم و بەڕێوەبەرانی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە نیشان دا.
شایانی باسە کە دزی و گەندەڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕاددە بەدەرە و لە لایەکی دیکەشەوە خەرجکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بۆ کردەوەی شەڕخوازانە و ئاژاوەگێڕانە لە وڵاتانی دیکەدا وایکردوە کە هەژاری و بێکاری لە ئێراندا ببێتە قەیران و خەریکە لە کارەسات نزیک دەبێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە شارەکانی کرماشان، سنە، ئێلام، بووشێهر و تارانیش ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بەڕێوەچوو و هیچ بەرپرسێکیش وڵامدەری داخوازیی کرێکاران نییە.