“مایک پۆمپێئۆ”، لە دانیشتنی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: درێژ نەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە خیانەتە بە بنچینە فکرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە درێژ نەکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ڕێژیمە دەکاتە بازرگانێکی ملهوڕی ناوچەکە و جیهان و ئەو ڕێژیمە دێموکراسییەکی وڵامدەری وەکوو وڵاتانی هێند و ئۆسترالیا نییە و، هەربۆیە ئەگەر گەمارۆکانی لەسەر نەمێنێ دەستی ئاوەڵا دەبێ بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕ لە زۆربەی وڵاتانی وەکوو سووریە، وێنێزۆئێلا، یەمەن وعێراق و دەتوانێ دەستی بە تێکنۆلۆژی شەڕی ڕووسیە و چین ڕابگا و ئەمەش بۆ ئاسایشی جیهان مەترسیدارە و شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان گەمارۆکان لەسەر ئەو ڕێژیمە درێژ بکاتەوە.
شایانی باسە کە گەمارۆی نێونەتەوەیی چەکوچۆڵی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ٢٧ی مانگی گەڵاڕێزانی ٩٩ی هەتاوی کۆتایی دێ و ئەمریکا لە هەوڵ دایە کە ئەو گەمارۆیانە بۆ کاتێکی نادیار درێژ بکاتەوە.












