“برایان هوک”، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری ملکەچ نەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڕیارە نێونەتەوەییەکان بژاردەی سەربازی ئەگەرێکی کراوەیە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “برایان هوک” لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی یەکجار جیدیی بەدوای پەکخستنی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و مووشەکی دوورمەودا و هەروەها لە هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو ڕێژیمە و بۆ ئەو مەبەستەش هەر کارێک دەکەن و لەوانەش بژاردەی سەربازیی بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەیەکی کراوەیە.
برایان هۆک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کۆماری ئیسلامی لە سەفەرێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە مەبەستی ڕازی کردنی هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر تاران، بەسەر دەبا؛ کە چەند مانگی دیکە ماوەکەی بەسەر دەچێ.
جێگای ئاماژەیە کە ڕووسیە و چین بە هۆی پێوەندیی ئابووری و سیاسییانەوە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆ دژایەتیی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی دژی درێژ کردنەوەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.












