“سەکینە پەروانە ” بەندکراوی سیاسیی کورد کە یازدە ڕۆژە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتوە، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و بۆ بەشی دەرمانیی بەندیخانە گوازرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕێ ٩٩ی هەتاوی، “سەکینە پەروانە”، بەندکراوی سیاسیی کورد، کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، دوای یازدە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بەهۆی دابەزینی زەختی خوێن و ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ بەشی دەرمانی بەندیخانە گوازراوەتەوە.
سەکینە پەروانە کە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندی ٣ی بەندیخانەی قەرچەک، کە بەندی تایبەت بە تاوانە مەترسیدارەکانە، ڕاگیراوە و لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوییەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕاگیرانی لەو بەندە و ڕەچاو نەکردنی یاسای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی تۆمەتەکان، مانی لە خواردن گرتوە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بێبەری کردن لە ئەندامەتیی ڕێکخراوە سیاسیەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.
سەکینە پەروانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو حوکمەی بە سەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک جیابیران و ئازادیخوازان دەچەوسێنێتەوە و ڕێز لە هیچ بەهایەکی مرۆیی و تەنانەت یاساییش ناگرێ و بە هەموو شێوەیەک مافی خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان پێشێل دەکا.