ئێران له بواری سانسۆری ئێنتێرنێت له ئاستی جیهاندا له پله‌ی سێهه‌م‌دا جێی گرتووه.
فریدم هاوس (ماڵی ئازادی)، ڕێکخراوێک كه له ئاستی جیهاندا چاوه‌دێری به‌سه‌ر ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كاندا ده‌كا، له نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی له‌وه كردووه كه له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا وڵاتی چین زۆرترین سانسۆڕی خستۆته سه‌ر ئینتێرنێت، پاش چین سووریه‌و پاش ئه‌وانیش ئێران له پله‌كانی سه‌رووی ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌دا جێیان گرتوه.
به‌م جۆره كه له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه، باشترین بارودۆخی ئازادیی ئینتێرنێتی جیهان له ساڵی ٢٠١٤ له وڵاتی ئیسله‌ند بووه، ئێستۆنی، كانادا، ئاڵمان، ئۆسترالیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا له‌م وڵاتانه‌ن كه ئازادیی ڕاگه‌یاندن له‌واندا زۆر‌و ڕه‌هایه.
له‌م ڕاپۆرته‌دا له بابه‌ت بارودۆخی ئێران ئاماژه به‌وه کراوه كه سه‌ره‌ڕای ئیدیعاكانی سه‌ركۆماری ئه‌م وڵاته كه باس له ڕیفۆرم‌و چاكسازی ده‌كا، به‌ڵام ڕێگه‌ی باشتر بوونی به‌ستێنی ئازادییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له لایه‌ن ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی‌و هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارو پاوانخواز هه‌ر به شێوه‌ی پێشوو داخراوه‌و هیچ ئاڵوگۆڕێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
ئه‌م ڕاپۆرته هه‌روه‌ها باسی له‌وه كردوه كه له مانگی ژوئیه‌ی ٢٠١٤ له ئێران ٨ كه‌س به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه دژه حكوومییه‌كان له سه‌ر فه‌یس بووك، سه‌رجه‌م حوكمی ١٢٧ ساڵیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
له ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی ماڵی ئازادی‌دا له بواری ئازادیی ئینتێرنێتییه‌وه، ئێران خراپترین پله‌ی بۆ خۆی ته‌رخان كردبوو.