له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دوو كه‌س له ڕێڕه‌وانی ئایینی یارسان له هه‌مه‌دان ده‌ستبه‌سه‌ر كران. هاوكات یارسانییهکی کرماشانیش كه ساڵی ڕابردوو ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌و شاره‌وه بانگ كراوه‌ته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران، دوو كه‌س له ڕێڕه‌وانی ئه‌م ئایینه به ناوه‌كانی ئه‌مین ئیهاوهند له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی موژگان عه‌بباس باشی، ڕۆژی چوارشه‌ممه، ٢٩ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ٩٤، له به‌رده‌م زانكۆی بووعه‌لیی هه‌مه‌دان له‌لایه‌ن چه‌ند که‌س لیباس شه‌خسی قۆڵبه‌ست كراون.
به‌پێی ڕاپۆرتی شایه‌تحاڵه‌کان، مه‌ئمووره ئه‌منیه‌تییه‌كان له حاڵێكدا كه بێسیمو ده‌مانچه‌یان پێ بووه، به زه‌بری زۆر‌و به تووڕه‌ییه‌وه ئه‌م ژن‌و مێرده‌یان سواری ماشێنه‌كانیان كردووه‌و به هه‌ڕه‌شه‌و به تۆقاندن بڵاوه‌یان به‌م خه‌ڵكه كردووه كه سه‌ریان له‌م هه‌وڵه سوڕماوه و نیگه‌رانی ئه‌م دوو كه‌سه بوون.
تا ئێستاش هیچ زانیارییه‌ك له بابه‌ت هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردن، شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی ئه‌م دوو هاووڵاتییه یارسانییه نه‌زانراوه‌و سهردانو به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌و كهسو كاری ئه‌وان بۆ ناوه‌نده قهزاییو ئینتزامییه‌كان بێ ئاکام ماوه‌ته‌وه.
هاوكات ڕاگه‌یه‌ندراوه كه جه‌هانگیر سه‌لیمی، یه‌كێكی دیكه له چالاكان‌و هه‌ڵسووڕاوانی ئایینی یاری، له ڕێگه‌ی پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونییه‌وه له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كرماشان، داوای لێ كراوه كه سه‌ردانی ئه‌م ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه بكا.
ناوبراو ساڵی ڕابردووش ده‌ستبه‌سه‌ر كرا‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ له ئیداره‌ی ئیتلاعات ڕاگیرا، به‌ڵام دواتر به دانانی بارمته به شێوه‌ی كاتی ئازاد كرا.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێكی زۆر له ڕێڕه‌وانی ئایینی یاری بانگی ناوه‌نده ئهمنیهتیو قه‌زاییه‌كان كراون‌و پاش هه‌ڕه‌شه و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر، له مافه مهدهنیو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێبه‌ش كراون.