بە بۆنەی گیان لەدەست دانی سێ ژینگەپارێزی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، ڕێکخراوەی مەدنیی کافە کتێبی ئەندێشە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
دانیشتووانی شاری پاوەی خۆشەویست!
ژینگەپارێزانی بەئەمەگ!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی تازەی ژینگە!
دیسان هەواڵێکی ناخۆشتر، دیسان سووتانی جەرگی دایکان و دیسان زامدار بوونەوەی دڵی نیشتمان.
ئەوە بارودۆخی هەر ڕۆژەی نیشتمانەکەمانە.
دوابە دوای سووتانی زیاتر لە چل هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس و شەهید بوونی ژینگەپارێزێکی خۆبەخش و زامدار بوونی چەندین هاووڵاتی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا و تێپەڕینی ئەو کارەساتە لە بەرچاوی بەرپرسەکان بەبێ بایەخ و لە قەڵەمدانی وەکوو سووڕێکی سروشتی و چووکە کردنەوەی بە سووتانی لانیزۆر هەزار هێکتار!!! ئەم جارە ئاگر کەوتەوە دڵی دارستانەکانی پاوە و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی نیشتمانپارێز نەیانتوانی چاوەڕێی بەرپرسان ببن و بە دەستی بەتاڵ لە هەر جۆرە کەرەستەیەکی گونجاو، لەدڵی ئاگریان دا و خۆیان کرد بە خەڵووز تا چییدی ژینگەی وڵات لە ئاگردا نەسووتێت.
ڕوودانی ئەو کارەساتە گەورەیە کە وەبیرهێنەرەوەی بیرەوەریی تاڵی شەهیدانی سوورخەڵات، شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بوو دڵی هەر مرۆڤێکی ڕاستەقینەی هەژاند و هەموومانی تاسەبار کردەوە.
وێڕای دەربڕینی ئەمەگناسی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی تازەی ژینگە، ڕۆڵە گوڵبژێرەکانی نیشتمان، هاوڕێیان؛ “موختار خەندانی”، “بیلال ئەمینی” و “یاسین کەریمی”، گەرمترین سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ژینگەپارێزانی نیشتمان، خەڵکی بەشەرەفی پاوە و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە ڕێبواری ڕێگە پڕ شانازی و سەروەرییەکەیان دەزانین.
وەبیر بەرپرسان و لایەنی دەسەڵاتیش دێنینەوە کە کاتی پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانیان سەبارەت بە پشتگوێ خستنی ژینگە هاتوە و ئەو دۆخە تا سەر ئاوا ناچێتە سەر و خەسارە مرۆیی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئابوورییەکانی ئەو دۆخە کارەساتبارە زۆر لەوە گەورەترن کە کۆمەڵگەکەمان توانای هەڵگرتنیانی هەبێت.
یادی هەرمانی شەهیدانی سوورخەڵاتی ژینگە بەرز و پیرۆز و ڕێگای سەوزیان پڕ ڕێبوار بێت.
ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار)
۹ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی