برایان هۆک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە عەرەبستان وتی: “حوکمی دەسبەسەرکردنی ترامپ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گاڵتەجاڕییە.”
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، برایان هۆک وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانی و پەرەپێدانی تێرۆر و تێرۆریزم لە ناوچەکەدا و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە وڵامی هەواڵنێرێکدا لە مەڕ حوکمی دەسبەسەرکردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سلێمانی، ڕای گەیاند؛ کە ئەو حوکمە گاڵتەجاڕییەکە کە بۆ کۆماری ئیسلامی خۆی باشە و کەس بە جیددی وەری ناگرێ.
شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی دادستێنی تاران بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سلێمانی لە عێراق، دەیان بەرپرسی ئەمریکایی و لەوانە دۆناڵد ترامپی مەحکووم کرد و حوکمی دەسبەسەرکردنیانی دەرکرد و دواتر ڕای گەیاند کە ئەو حوکمە دەدەینە پۆلیسی ئینتێرپۆل کە ئەوانە دەسبەسەر بکا. بەڵام پۆلیسی ئینتێرپۆل لە وڵامدا داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامیی بەبێ بایەخ دانا و ڕەتی کردەوە کەسێک یان وڵاتێک بتوانێ جێبەجێی بکا.












