لە هێرشێکی چەکداری لە پارێزگای بەلووچستان چەند کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی لە هێرشێکی چەکداری بۆسەر ماشینی هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی “کوورین” فەرماندەی بەسیجی ئەو شارە بە ناوی “موجتەبا میرشکار” و ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران بە توندی بریندار بوون، هەرچەند هەواڵە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی ناوبراو دەکەن بەڵام پارێزگاری سیستان و بەلووچستان ڕەتی کردەوە کەسێک کوژرابێ و، ڕای گەیاند هێرشەکە لە ڕێگای دانانەوەی بۆمبەوە بووە.
شایانی باسە “جیشالعدل” کە حیزبێکی بەلووچییە و بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕ دەکا، بەرپرسایەتییەکەی گرتۆتە ئەستۆ و دەڵێ لەم هێرشەدا ناوبراو لەگەڵ بەسیجێکی دیکە کوژراون.
جێگای ئاماژەیە کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان یەکێک لەو پارێزگایانەی ئێرانە کە نەتەوەی بەلووچ بە هۆی مەزهەب و زمان وکولتووری جیاوازیانەوە بە تەواوی پەراوێز خراون و چەندین حیزب و ڕێکخراوی خەڵکی بەلووچ بۆ سەندنی مافەکانیان بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەکیان هەڵگرتوە.