“ئاشنا حەسەنزادە”، ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کرا.
ڕۆژی دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۹۹ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە جگە لە بانگکردن و لێپرسینەوە لە “ئاشنا حەسەنزادە”، هەڕەشەیان لە ئەندامانی دیکەی ئەو ئەنجومەنە ژینگەییە کردوە کە لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ شەهیدانی ژینگەی پاوە، خۆیان ببوێرن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیار بوو کە تەرمی شەهیدان “موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی” پێکەوە لە یەک شوێندا بنێژرێن، بەڵام لەسەر بڕیاری پێشنوێژی هەینیی پاوە و ئیدارەی ئیتلاعات، تەرمی هەر سێ چالاکی ژینگەپارێزی، بۆ شوێنی لەدایکبوونی خۆیان ڕەوانە کرانەوە و نێژران.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد؛ “یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت هەڕەشەی لە بنەماڵەکانیان کردوە، بۆیان نییە ڕێوڕەسم و سەرەخۆشییان بۆ بگرن. ”
ڕۆژی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بنەماڵەی شەهید “موختار خەندانی”ـیان، خستبووە ژێر گوشارەوە کە دەبێ دەستبەجێ و پێش لە هەڵاتنی خۆر، تەرمی ئەو ژینگەپارێزە بە خاک بسپێرن.