یانەی کولتووری و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار لە پێوەندی لەگەڵ گیان لەدەست دانی سێ ژینگەی پارێزی ژیوای پاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
با بسووتێم « ببمە خاك و خۆڵەمێش» ئەی شاخەكان
تا پتر ڕۆچم بە ناخی خاكی كوردستانەوە!
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان!
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
جەماوەری سەوزبیری کوردستان!
دیسانیش کوردستان وەک هەمیشە و هەموو ڕۆژێ برینێکی دیکەی تێ بوو!
ئەمجارەش شین گێڕان بۆ لەدەستدانی سێ ڕۆڵەی ئازا و چاونەترس!
هاوار و ناڵە هەستا لە دڵی دایکانی جەرگ سووتاو بۆ لە دەستدانی ڕۆڵەکانیان!
بەداخێکی زۆر گرانەوە لە بێباکی و بێئەمەگی بەرپرسانی وڵات و کەمتەرخەمی هاووڵاتیان، ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی سێ لاوی تێکۆشەر و وڵات پارێز بە ناوەکانی: “موختار خەندانی”، “بیلال ئەمینی” و “یاسین کەریمی” لە پێناو پاراستنی دارستان و ژینگەی زاگرۆسی زامدار، ژیانی خۆیان لە کاتی کوژاندنەوەی دارستانەکانی پاوە پێشکەشی خاک و نیشتمان کرد.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەکوو یانەی شاخەوانی هەڵگورد وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرانە، هاودەردی و هاوسۆزی خۆمان بۆ هەموو ژینگەدۆستانی جیهان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت خەڵکی شاری پاوەی خۆشەویست ڕادەگەیەنین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. داواش لە خەڵک و بەرپرسان دەکەین بەرپرسیارانە لە پێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی وڵات ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن.
لە کۆتاییدا بەڵێن دەدەین درێژە بە ڕێگای پیرۆزی ئەم ئەستێرە پڕشنگدارانە بدەین کە لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان فڕین.
بەرز و پیرۆز بمێنێ ناو و یادیان
یانەی کولتووری و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار
١٠ـی پووشپەڕی ۹۹ـی هەتاوی