پێشانگای بەرهەمەکانی هونەرمەندێکی نیگارکێشی بۆکانی لە شاری سەردەشت بە بۆنەی ساڵوەگەڕی بۆردومانی سەردەشت کرایەوە.
ئەو پێشانگایە کە بە شێوەی سەمبولیک لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری سەردەشت کرایەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرهەمی هونەرمەند “ڕۆیا کەریمپوور” هونەرمەندی بۆکانی سەبارەت بە کارەساتی بۆردومانی شیمیایی ۷ی پووشپەڕی سەردەشت خرایە ڕوو.
ئەو خاتوونە هونەرمەندە هەوڵی داوە دەرد و ئازاری بەرکەوتووانی شیمیابارانی شاری سەردەشت بە شێوەی وێنەکێشان و شێوەکاری بخاتە ڕوو.
“ڕۆیا کەریمپوور” گرافیست و وێنەگر، خاوەنی پێشینەی ۱۲ ساڵ کار کردنە لە بواری نیگارکێشی لۆگۆ و بەنێرە.
شایانی باسە، ٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٣٣ ساڵ بەسەر کارەساتی شیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێپەڕێ کە لەو بۆمبارانەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی عێراقدا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و بە پێی ئەو داتا و ئامار و زانیارییانەی کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، نزیک بە ٨ هەزار کەسیش بریندار و نقووستان بوون کە تا ئێستاش بە دەرد و ژانی چارەسەر نەکراوی زامەکانییانەوە دەناڵێنن.