کۆڕی پهردەلادان له سێ کتێبی نوێی کوردی له شاری بۆکان بهڕێوە چوو.
ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا رۆژی سێشەممه ٥ی خەزەڵوەر بە هاوکاری چاپەمەنی گوتار کۆڕێکی بۆ پەردەلادان لە کتێبی چیرۆکنووسانی بۆکانی، ڕۆمانی “گابۆڕ” لە نووسینی سەیدقادر هیدایەتی، نۆڤلێتی “خەونی پەپوولە پاییزە” لە نوسینی عەزیز مەحموودپوور و کۆمەڵه چیرۆکی “پادشای تەنیایی” لە نووسینی عەلی غوڵامعەلی، بەرێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدبیی بۆکان لە پانێلی یەکەمی ئەو کۆرەدا نووسەران محەمەد رەمەزانی، حوسێن شێربەگی و یوونس رەزایی وەک وتاربێژ، باسەکانی خۆیان پێشکێش کرد.
محەمەد رەمەزانی، چیرۆکنووس و وەرگێڕ لە باسەکەیدا دوای ئاماژەیەکی کورت به مێژووی چیرۆکنووسی لە بۆکانو ئاماژە بە مامۆستا حەسەن قزڵجی وەک پێشەنگی ئەم رەوته، باسی لە خەسارەکانی زمانیی هەندێک لە نووسەرانی سەردەم کرد کە بە شێوەیەک لە پاراو و پەتیبوون دابڕاونو لە ژێر کاریگەری زمانەکانی دیکەدا جۆرێک نەزۆکییان بۆخۆیان دەستەبەر کردووه.
رەمەزانی پێی لەسەر ئەوە داگرت کە دەستەواژەو ئیدیۆمە ڕەسەنەکان چەندە دەتوانێ لە دەوڵەمەند کردنی زماندا رۆڵی پۆزێتیڤ بگێڕێو رۆمانی “هەڕا و توورەیی” لە نووسینی نووسەری ئامریکایی” ویلیام فاکنێر”ی وەک نموونەی بەرچاوی ئەم بوارە دەستنیشان کرد.
وتاربێژی دووهەم ڕۆماننوس حوسێن شێربەگی بوو کە پێشوازی گەرمو بەرچاوی ئامادەبووانی به نیشانەیەکی باش لە دۆخی ئەمڕۆی ئەدەبی کوردی ناوبردو گوتی پشتگیری کۆمەڵگا لە نووسەران دەبێته هۆی بەرهەمهاتنی بەرهەمی زیاترو بەم شێوەیه ئەدەبیات دەتوانێ رۆڵی سەرەکی خۆی لەسەر کۆمەڵگه دابنێ.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا شاعیری لاو یوونس رەزایی، باسی پەیوەندی نێوان زمانو شوناسی نەتەوەیی کردو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم زەروورەته هەر لە سەردەمی “خانی”یەوە هەست پێکراوە.
رەزایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە چێبوونی جۆرێک دابڕانو کەلێن لە نێوان نوووسەرو بەردەنگان لە ئاستی کۆمەڵگەدا کردو پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەم دۆخه به گشتی کاریگەرییەکی خراپ لەسەر پێشکەوەتنی ڕەوتی ئەدەبیی نەتەوەیەکدا دادەنێو دەبێ هەوڵ بۆ چاکسازی ئەم خەسارە گەورەیه بێته ئاراوە.
یوونس رەزایی لە کۆتایی قسەکانیدا ئەم سێ بەرهەمەی کە پەردەیان لە سەر لادارا، ئەوانی بە چەند بەرهەمێکی نوێخوازو پێشکەوتوو ناوبرد.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا هەر یەک لە نووسەرانی گابۆڕ و خەونی پەپوولە پاییزه و پادشای تەنیایی هاتنه پشت تریبوونو بەشێکی کورتیان لە بەرهەمە تازەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕە ئەدەبییەدا بریا کاکەسووری، چیرۆکنووس، باسی گرینگیی پشگیری لە نووسەران کردو گوتی بەم شێوەیه هاوکات کتێبخانەی خۆمانو کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر دەبێ. کاکەسووری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە بەرنامانه دەبنه هۆی دڵگەرمی قەڵەم بەدەستانو دەتوانن بەهەمی شازتر و بەرزتر بخوڵقێنن.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆرەکەدا دوای قسەکانی رەزا شەجیعی، بەرپرسی چاپەمەنیی گوتار، ڕێوڕەسمی پەردەلادانەکه به ئامادەبوونی مامۆستایان: فەتاح ئەمیری، محەمەدەمین شامحەمەدی و عومەر مەولوودی و هەروەها نوووسەرانی کتێبەکان، بەڕیوە چوو.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا رێزنامەی کومیسیۆنی فەرهەنگی شوورا، پێشکەشێ کۆمەڵێک لە چیرۆکنووسانی بۆکان کرا.