تەڵاق لە کۆمەڵگای ئێران بۆتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیو ئامارە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەر ٤٤ حاڵەتی ژیانی هاوبەش ١٠ی هەڵدەوەشێ.
بەپێی قسەی کاربەدەستانی پێوەندیدار لە ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاماری تەڵاق لە چاو ماوەی هاوشێوەی لە ساڵی ڕابردوودا سەدی ٩ زیادی کردوە. هەر لە ماوەی ئەو شەش مانگەشدا ئاماری دەفتەرەکانی زەماوەند سەدی 3 لە چاو ساڵی ڕابردوو کەمیان کردوە.
عەلی ئەکبەر مەحزوون، بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری ئامارو زانیارییەکانی تۆماری کەسێتی بە هەواڵدەریی مێهری گوت کە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەر ٤٤ حاڵەتی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش ١٠ ی بەهۆی جیابوونەوە هەڵوەشاوە.
لە ئامارەکاندا هاتووە کە تەڵاقو جیابوونەوکان لە شار ٩ هیندەی گوندەکانە.
بەپێی قسەکانی مەحزوون، زۆرترین تەڵاق لە نێو ژنانو پیاوان لە گڕووپی تەمەنیی ٢٥ تا ٢٩ ساڵ بووە؛ هەروەها سەدی ١٣ی لێکجیابوونەوەکان لە یەکەم ساڵی ژیانی هاوبەشییاندا بووەو سەدی ٤٧ ی تەڵاقەکانی تۆمارکراو لە 5 ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشی ژنو مێردەکاندا روویان داوە.
لەلایەکی دیکەوە ئامارە ڕەسمییەکان باس لەوە دەکەن کە یەک میلیۆنو ٣٠٠ هەزار سەڵت لە سەرجەم ١١ میلیۆنو ٢٤٠ هەزار سەڵت لە کۆمەڵگای ئێران دەرفەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان نەماوەو لانیکەمی بەختی ژنهێنان یان شووکردنیان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ئامارەدا هاتووە کە نێونجی تەمەنی ژنهێنان بۆ پیاوان لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا لە ٢٤ ساڵ بۆ ٢٩ ساڵو لە ژنان لە ١٩ ساڵ بۆ ٢٣ ساڵ هەڵکشاوە.