سێ هەزار هێزی چەکداری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی عێڕاقو سووریەدا شەڕی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن.
ژێنەڕاڵ ژۆزێف دانفورد، سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە مەجلیسی نوێنەرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ٢٠٠٠ چەکداری لە سووریەو ١٠٠٠ چەکداریشی لە عێڕاقدا جێگیر کردوەو شەڕیان پێدەکا.
سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا نەیشاردەوە کە لە ئێستادا هاوکێشەکان لە سووریە لە بەرژەوەندیی بەشار ئەسەددا دەچێتە پێشێ. ئەو هەروەها گوتی لە ئەگەری هەندێ گریمانەو یەک لەوان ئەگەری زۆری سەرکەوتنی هێزی نیزامیی ئەمریکادا ئەو لاری لە ناردنی هێزی پیادەو ویشکایی بۆ عێڕاق نابێ.
ئێران لە ئێستادا لە سێ بەرەی شەڕی گرینگ لە ناوچە، واتە لە یەمەن، عێڕاقو سووریەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەیەو چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەو دۆخەدا کاریگەریی ئابووریو کۆمەڵایەتیو سیاسیی دەستێوەردانی ئێران لەو وڵاتانە پتر لە نێوخۆی ئێراندا دەردەکەون.
سپای قودس کە هێزەکانی سپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات پێک دێنێ ژمارەیان سەرجەم بە ٣٥٠٠ کەس داندراوەو ئەگەر بەپێی قسەی کاربەدەستانی ئەمریکا لە ئێستادا ٣٠٠٠ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە عێڕاقو سووریە بن، ئەوا دەکرێ بگوترێ چالاکییەکانی سپای قودس بە تەواوی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران گواستراوەتەوە.